ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراقی بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاسپارد.
سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند: ئەمڕۆ پێش تەواوبوونی دەوامی فەرمی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
لە نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا جەخت لەسەر ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند: کێشەمان بۆ ناردنی 120 ملیار دینارەکە نییە و پارەکە ئامادەیە، هەرکات لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێت، ئێمە پارەکە ڕادەستی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەین.
سەر چاوەیەک لە بەغدا راگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەموو شتێک تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا کاروباری رێکخستنە، ئەویش چەند ڕۆژێکی کەمی پێویستە و لە چەند رۆژی داهاتوو نەوت هەناردە دەکرێتەوە. گرنگی ئەم نووسراوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەیە، کە پێشتر تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندبوو، تا نووسراوی خەرجکردنی مووچەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاراستە نەکرێت، مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ مانگی شەش خەرج ناکات.
وەڵام بدەوه