بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەیف سامی لەبارەی داهاتی ناوخۆ كۆ ببنەوە، كێشەی داهاتی نانەوتی مانگی شەش و مانگەكانی دواتریش چارەسەر دەكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئاب، شاندە باڵاكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەیف سامی كۆدەبنەوە و كێشەی داهاتی نانەوتی مانگی شەش و مانگەكانی دواتر چارەسەر دەكەن.
كۆبوونەوەی ئەمڕۆ جگە لە وەزیری دارایی عێراق، وەزیری پلاندانانیش ئامادە دەبێت. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەكلاكەرەوە دەبێت و كێشەی داهاتی نانەوتی مانگی شەش و مانگەكانی دواتر چارەسەر دەكرێت.
سەرچاوەكە گوتی، 120 ملیارەكە ئامادەیە، بەڵام ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، دوای چارەسەركردنی بابەتی داهاتی نانەوتی، بڕیاری ناردنی دەدرێت.
دوێنێ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی عێراق، بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی شەشی هەرێمی كوردستان بە مەرج دا، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لەگەڵ تەیف سامی و وەزیری پلاندانان بۆ چارەسەری مەرجەكانە.
لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كار بە بڕیاری 17ـی مانگی رابردوو دەكەن، بەڵام دوای لە بەرچاوگرتنی ئەم سێ خاڵە.
یەكەم، ئەو لیژنەیەی لەلایەن حكوومەتەوە پێكهێنراوە، ئەركەكانی تەواو بكات و لە ماوەی هەفتەیەكدا راپۆرت بداتە ئەنجوومەنی وەزیران.
دووەم، لیژنەكان بەگوێرەی رێوشوێنە یاساییەكانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، بەشی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان دیاری بكەن، ئەوكات لە بڕی 120 ملیار دینار، هەرێمی كوردستان ئەو بەشە فیدراڵییە بدات كە لیژنەكە دیاری دەكات.
سێیەم، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیاكانی نەوت ناچار بكات نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستی سۆمۆ بكەن، بەگوێرەی ئەوەی لە یاسای بودجە و بڕیاری 17ـی ئەم مانگەی حكوومەتی عێراقدا هاتووە.
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بەگشتی دۆسیەی نەوت رێككەوتنی لەسەر كراوە و تەنیا رازیكردنی كۆمپانیاكان ماوە، ئەو كارەش بەغدا خستوویەتیە ئەستۆی حكوومەتی هەرێم تا كۆمپانیاكان نەوت هەناردە بكەنەوە.
وەڵام بدەوه