وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، پێویست دەکات لە بودجەی ساڵی 2026دا حکومەتی عێراق پابەندبێت بەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێت و دەستوەردان لە چۆنییەتی خەرجکردنی ئەو بودجەیەدا نەکات، چونکە پەرلەمان و حکومەتی کوردستان دوو دامەزراوەی دەستووریین و ئەوان ئەرکی دابەشکردنی بودجەیان لە ئەستۆیە. ناکۆکیی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنی نەوت و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانە، ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی بە ئامانجی چارەسەرێکی هەمیشەیی کە هەم هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە و هەم ناردنی مووچە مسۆگەر بکات. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانەی چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەمس ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی دەستوور هەموو کاروبارەکان لە عێراق بەشێوەی فیدراڵی بەڕێوەدەبرێن، بەڵام یاسا بەرکارەکان لە عێراق کۆنن و وەک دەستوور داوای دەکات هەموارنەکراونەتەوە، بۆیەش چارەسەری درێژخایەن بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەیە یاسای نوێی نەوت و غاز دەربکرێت، ئەنجوومەنی فیدراڵ و ئەنجوومەنی فیدراڵی گومرگیش دروستبکرێن.
وتیشی، ئێستا لێکتێگەیشتنێکی ڕوون بۆ ڕادەستکردنی نەوت هەیە، ئەمەش چارەسەرێکی کاتییە تا کۆتایی ئەمساڵ، چارەسەری بنەڕەتی دەرکردنی یاسای نوێی نەوت و غازە، دەستووەردانی حکومەتی عێراقیش لە کاروباری ناوخۆیی کوردستان لەوانەش بابەتی مووچەی فەرمانبەران، ناوی سیانی و وردەکاری دیکە کارێکی ڕاست نییە و نابێت بەغدا دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کوردستان پێشێل بکات، کوردستان خۆی حکومەت و پەرلەمانی هەیە و دوای ئەوەی پشکی خۆی لە بودجەی عێراق وەردەگرێت، بەو شێوەیەی بە گونجاوی دەزانێت دابەشی دەکات.
سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکانیش وتی، نابێت لەڕێگەی توندوتیژییەوە گرووپە چەکدارەکان ناچار بە چەکدانان بکرێن، بەڵکو دەبێت لەڕێگەی گفتوگۆوە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
هاوکات، هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی یاسای حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان ڕوونە، پێویستە ئێمە لە بەرژەوەندی باڵای عێراق بڕیار بدەین و خاوەن یەک مەرجەعییەتی بڕیاربین.
وەڵام بدەوه