عێراق بە فەرمی كەوتە نێو ستراتیژیەتی سزاكانی ئەمریكاوە، پاش ئەوەی پرۆژەیاسایەكی تازە پێشكەش بە كۆنگرێسی ئەمریكا كرا، ئابووریناسێكی عێراقیش پێیوایە كە ئەم پرۆژەیاسایە، لێكەوتەی مەترسیداری لەسەر كۆمەڵگە و ئابووریی عێراق دەبێت.
نەبیل مەرسوومی، ئابووریناسی عێراقی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”عێراق بە فەرمی كەوتە نێو بازنەی ستراتیژی سزا سەپێندراوەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، بەهۆی ئەوەی بەپێی پرۆژەیاسایەكی نوێ كە پێشكەش بە كۆنگرێسی ئەمریكا كراوە، هاوردەكردنی غاز و كارەبای ئێران بۆ عێراق قەدەغە دەكرێت.“
ڕوونیشی كردووەتەوە كە لە حاڵەتێكدا ئەم پرۆژەیاسایە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، ”لێكەوتەی مەترسیداری لەسەر ئابووری و كۆمەڵگەی عێراق دەبێت.“
هەروەك ئاشكرای كردووە كە لە ئەنجامی جێبەجێكردنی یاسا تازەكەدا، سیستەمی كارەبای عێراق ٤٠٪ی وزەی بەردەست لەدەست دەدات كە زیاترە لە هەشت هەزار مێگاوات، بەهۆی ئەوەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق پشت بە غازی ئێران دەبەستن، جگە لەوەی سێ هەزار مێگاوات كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت.لە ڕێگەی چوار هێڵی سەرەكییەوە عێراق كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەكات كە بەم شێوەیەیە:
- هێڵی (خانەقین - سەرپیل).
- هێڵی (خۆرزوبێر - خورەم شەهر).
- هێڵی (دیالە - میرساد).
- هێڵی (عەمارە - كەرخە).
وەڵام بدەوه