بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانی چەند میدیایەكی عێراقی، لە سەردانێکی كورتدا بۆ بەغدای پایتەختی عێراق كە تەنیا نزیکەی 10 سەعاتی خایاندووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، چاوی بە ژمارەیەک لە دیارترین سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتووە، بەبێ ئەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سوودانی کۆ ببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ ئاژانسی (شەفەق نیوز) قسەیان کردووە، قائانی کۆبوونەوەی جیاجیای لەگەڵ هەریەک لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەممار حەکیم، ڕێبەری ڕەوتی حیکمە، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، كردووە.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، گفتوگۆکان جەختیان لەسەر پێشهاتەکانی دۆخی هەرێمی کردووەتەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق، بەتایبەتی پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ڕێڕەوی هاوپەیمانییەکان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییدا.
پێش ئەو سەردانە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، لە (28ی حوزەیرانی 2025) سەردانی بەغدای پایتەختی کرد. بەپێی سەرچاوە باڵاکان، لەو سەردانە ڕانەگەیەندراوەدا چاوی بە هەندێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کەوتووە.
هەروەها لە (14ی ئایاری 2025)، قائانی کۆبوونەوەی تاکەکەسیی لەگەڵ هەندێک لە سەرکردەکانی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجام داوە و میکانزمەکانی پاڵپشتیی تاران لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبییەوە لەمیانی لوتکەی عەرەبی کە لە بەغدا بەڕێوە چوو، تاوتوێ کردووە.
وەڵام بدەوه