بەغدا تۆمەتەكانی سەر حەشدی شەعبی ڕەت دەكاتەوە كە دەگوترێ لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشەكانی كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ: جۆرێك لە داپۆشین و خەمساردی لە بەرانبەر ئەو سنووربەزاندنە ئەمنییانە هەن.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكەنەوە و ڕێگەپێدراو نین. هاوكات دەڵێ: بەهیچ شێوەیەك دوودڵ نین لە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی عێراق، هەموو ڕێوشوێنێكی یاساییش دەگرینە بەر بەرامبەر هەرلایەنێك كە ئاسایشی عێراق بخاتە مەترسییەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پێشێلکارییانە "لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتی فیدراڵی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر، کاتێک هەرێمی کوردستان یان هەر هەرێمێکی دیکەی عێراق ڕووبەڕووی هەر مەترسییەک دەبێتەوە".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکانی سەر هەرێم لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئاشکرا نەکراوە و هیچ کەسێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، "پاراستنی ئاسایشی وڵات ئەرکی سەرەکیی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵییە".
ڕۆژی هەینی هەرێمی کوردستان هێزێكی حەشدی شەعبیی تۆمەتبار كرد بەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچەیەکی نزیک لە هەولێر بە ئامانجی تێكدانی دۆخی ئاسایشی هەولێر هەڵداوە.
وەزارەتی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان داوای لە حکوومەتی فیدراڵی كردووە: کۆتایی بەم کارە تێکدەرانە بهێنێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگرێتەبەر.
هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی میدیاییدا ڕایگەیاند: دەزانین كێ ئەو درۆنانەی ئاراستەی هەولێر كردووە، بەڵام پێش ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ناكەوین.
وەڵام بدەوه