Kurdistan Press - ئەمریکا بە نامەی فەرمی هۆشداری داوەتە بەغدا ئەمریکا بە نامەی فەرمی هۆشداری داوەتە بەغدا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئەمریکا بە نامەی فەرمی هۆشداری داوەتە بەغدا

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "الجبال"، پێش پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، نامەیەکی فەرمی و توندی لە واشنتنەوە پێگەیشتووە، کە تێیدا نۆ خاڵی نیگەرانیی ئەمەریکا و مۆڵەتێکی کۆتایی سەبارەت بە یاسای حەشدی شەعبی تێدابووە.

وەك لە راپۆرتی ماڵپەڕەكەدا هاتووە، هەرچەندە مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا نیگەرانیی "قووڵی" واشنتنی سەبارەت بە پڕۆژەیاساکە دووپات کردەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە قسەی بۆ "الجبال" کردووە، نامە نووسراوەکە زۆر ڕاشکاوتر بووە و "هۆشداری و ئاگاداركردنەوەیەكی ڕوون"ی داوەتە سوودانی.

وردەکارییەکانی نامە نهێنییەکە
ماڵپەڕی "الجبال" ئاشکرای کردووە کە دەقی نامەکەی بەدەست گەیشتووە و تێیدا هاتووە: بە تووندی هانتان دەدەین کە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی بکشێننەوە یان ڕێگری لە تێپەڕاندنی بکەن.

نامەکە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر حکوومەتی عێراق ئەم هەنگاوە نەنێت، ئەوا عێراق دەیان ساڵ لە پشتیوانی و وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە هێزە چەکدارەکان لەدەست دەدات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی یارمەتی و هاوئاهەنگیی ئەمنیی ئەمەریکا و ڕەوتی پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگۆڕێت.

هەروەها نامەکە بە ڕوونی دەڵێت: پڕۆژەیاساکە لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکادا ناگونجێت و واشنتن ناچار دەکات پێداچوونەوە بە سیاسەت و یارمەتییە تەناهییەكان "ئەمنییەكان" بکات و دەرەنجامەکەی سزای ئابووری دەبێت.

ناوهێنانی فەرماندە و گرووپەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکەی "الجبال"، نامەکە بە دیاریکراوی ناوی چەند فەرماندە و گرووپێکی هێناوە، لەوانە "فالح فەیاز، ئەبو فەدەک، ڕەیان کلدانی، و وعدد قەدۆ"، لەگەڵ گرووپە پاڵپشتیكراوەكانی تری ئێران وەک "کەتیبەکانی حزبوڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق، و بزووتنەوەی نوجەبا" و ڕای گەیاندووە:ئێمە ناتوانین پشتگیریی حکوومەتێک بکەین کە پارەدار و شکۆمەندیی ئەو کەس و گرووپانە بەرز دەکاتەوە.

هەڕەشەی سزای سەر کەرتی نەوت
مەترسیدارترین بەشی نامەکە، بەپێی "الجبال"، هەڕەشەکردن بووە لە سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتی عێراقدا. لە نامەکەدا هاتووە، ئێمە ئاگاداری پیلانەکانی بەقاچاخبردنی نەوتین کە پارە بۆ گرووپە سزا دراوەکان دابین دەکات... ئێوە ناتانەوێت کەرتی نەوتی عێراق بخەنە بەر سزاکان.

کاردانەوەی لایەنە عێراقییەکان
سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، سوودانی لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بەرگریی لە پڕۆژەیاساکە کردووە و بە بەشێک لە پرۆسەی چاکسازیی تەناهی "ئەمنی" ناوی بردووە. تەنیا چەند سەعاتێك دوای پێوەندییەكەیش، کوتلەی "سادقون"، باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق، داوای لە پەرلەمان کرد "بەپەلە" پڕۆژەیاساکە بخاتە دەنگدانەوە.

بەرپرسێکی عێراقی: بە شەفافیەتەوە مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئەمەریکا دەکەین
لە بەرانبەردا بەرپرسێکی عێراقی، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە "الجبال"ـی ڕاگەیاندووە کە حکوومەتی عێراق نامەیەکی نۆ خاڵیی لەلایەن ئەمەریكاوە بە دەست نەگەیشتووە، بەڵام ددانی بەوەدا ناوە کە "نیگەرانیی لایەنە ئەمەریکییەکان هەیە و ئێمە بە شەفافیەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین."

بەرپرسەکە دووپاتی کردەوە: عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و هەموو بڕیارەکان بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و چوارچێوەی دەستووری دەدرێن.

باکگراوندی گوشارەکان
ماڵپەڕی "الجبال" ئاماژەی بەوەیش کردووە کە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، نامەیەکی ئاڕاستەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران کردووە و داوای "هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق"ـی کردووە. هەروەها ئاماژەی بە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا کردووە بۆ سەر تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و فشاری لەسەر بانکەکانی عێراق، لەوانە بانکی ڕافیدەین.

ئەم پەرەسەندنانە هەمووی لە کاتێکدایە کە واشنتن سیاسەتی "فشاری توند"ی لەسەر ئێران دەست پێ کردووەتەوە و دەیەوێت ڕێگری لە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی عێراق بکات بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه