باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە هاوبەشی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، پەیامێکیان ئاراستەی هاووڵاتییانی ئەمەریکا کردووە و داوایانی لێ کردوون گەشتی عێراق نەکەن، هۆشداریشی بەو هاووڵاتییانە داوە کە ئێستا لەنێو عێراقن، لە ناوچە قەرەباڵغەکان دوورکەونەوە.
شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە هاوبەشی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، پەیامێکی بەپەلەیان ئاراستەی هاووڵاتییانی ئەمەریکا کرد کە ئێستا لە سەرووبەندی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە عێراقن
باڵیۆزخانەکە ئاشکرای کردووە، وەزارەتی دەرەوە هۆشداریی پلە چواری بە گەشتیارانی ئەمەریکا داوە و دروشمێکی بەرزکردووەتەوە"گەشت مەکە" بۆ عێراق. دەشڵێت: هاوڵاتییانی ئەمەریکی نابێت بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق بکەن.
بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکیانەشی ئێستا لە عێراقن، باڵیۆزخانەکە داوای لێ کردوون، لە کۆبوونەوەی گەورە و قەرەباڵغی دوور بکەونەوە، هەمیشە مۆبایلەکانیان بە بارگاوی بهێڵنەوە و پەیوەندی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان بپارێزن بۆ ئەوەی لە دۆخی خۆیان ئاگاداریان بکەنەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و کونسوڵخانەکەی لە هەولێر ڕایانگەیاندووە، بۆ ماوەیەکی کاتی خزمەتگوزاری ڕۆتینی ڤیزەیان ڕاگرتووە، بەڵام کراوەن بۆ خزمەتگوزاری کونسوڵگەری بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکا.
وەڵام بدەوه