ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ ڕایدەگەیێنێت، عێراق لە پۆلێنبەندیی ئەو وڵاتانەی زۆرترین زێڕیان لە جیهاندا هەیە، یەک پلە پاشەکشەی کردووە. زێڕ وەک پشتیووانێکی ستراتیژی و دەروونی بۆ بەهای هەر دراوێک سەیر دەکرێت. لە عێراقدا کە بانکی ناوەندی بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ پاراستنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار (لە رێگەی زیادکردنی دۆلارەوە)، هەبوونی یەدەگێکی زێڕی بەهێز پەیامێکی گرنگ دەدات بە بازاڕ و هاوڵاتییان کە حکومەت خاوەنی سەروەتێکی جێگیر و جیهانییە.
بەپێی نوێترین خشتە کە ئەنجوومەنەکە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاویکردووەتەوە، عێراق پلەی 29یەمی لە کۆی 100 وڵاتی نێو خشتەکە گرتووە، لە کاتیکدا پێشتر لە پلەی 28ـی جیهان و پلەی چوارەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە دوای سعودیە، لوبنان و جەزائیرەوە، گرتبوو. بەپێی خشتەکە، ئەو بڕە زێڕەی عێراق هەیەتی 162.7 تۆنە، کە دەکاتە 12.9٪ـی کۆی گشتیی یەدەگەکانی دیکەی. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەبوونی هەشت هەزار و 133 تۆن لە پێشەنگی لیستی گەورەترین خاوەن زێڕەکانی جیهانە، بەدوایدا ئەڵمانیا دێت بە سێ هەزار و 351 تۆن، پاشان ئیتاڵیا بە دوو هەزار و 451 تۆن.
سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF)، بانکی جیهانی و ئاژانسەکانی پۆلێنبەندیی متمانە (Credit Rating Agencies) بە وردی چاودێریی یەدەگی وڵاتان دەکەن. فرۆشتنی زێڕ بەبێ هۆکارێکی ستراتیژیی ڕوون، وەک نیشانەیەکی "نائومێدی" و بەڕێوەبردنی خراپی دارایی لێکدەدرێتەوە.
وەڵام بدەوه