Kurdistan Press - عێراق هەڵوێستی خۆی گۆڕی بەرامبەر گرێبەستە گەورەکەی هەرێم عێراق هەڵوێستی خۆی گۆڕی بەرامبەر گرێبەستە گەورەکەی هەرێم | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

عێراق هەڵوێستی خۆی گۆڕی بەرامبەر گرێبەستە گەورەکەی هەرێم

ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت بڵاوی كردەوە، حكوومەتی عێراق تۆنی دەنگی نەرمتر كردووە، بەجۆرێك هەڵوێستی بەرانبەر بەگرێبەستە گەورەكەی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەمەریكا شل كردووەتەوە.

رۆژنامەكە دەڵێت: دوای ئەوەی گرێبەستە نەوتییە 110 ملیار دۆلارییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریكا، نیگەرانیی حكوومەتی عێراقی لێ كەوتەوە، بە هۆكاری ئەوەی گرێبەستەكان بەبێ ئاگاداری بەغدا كراون، هەرزوو لە راگەیەنراوێكدا دژی وەستایەوە. بەڵام بەهۆی ترسی لە ئەمەریكا، دواتر راگەیەنراوێكی تری بە زمانێكی نەرمتر بڵاو كردەوە و داوای پابەندبوونی دەستووری كرد.

شەرق ئەوسەت باسی لەوە كردووە، دوای ئەوەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە واشنتنەوە واژووكردنی دوو گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی بە بەهای 110 ملیار دۆلار راگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێكدا رێككەوتنەكەی رەت كردەوە و بە نایاسایی لە قەڵەم دا، بەڵام هەرزوو لە راگەیەنراوی دووەمدا، بەغدا لە هەڵوێستی توندی خۆی پاشگەز بووەوە و بە زمانێكی نەرمتر، تەنیا داوای پابەندبوون بە دەستووری عێراقی كردووە.

رۆژنامەكە دەشڵێت، ئەمە هەڵوێستێكی نامۆ و لاستیكییە، چونكە هێشتا بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان هەردوولاوە، نەتوانراوە یاسای نەوت و غاز پەسند بكرێت.

لە دوای رێككەوتنەكە، ئەمەریكا راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و پشتگیریی خۆی بۆ گرێبەستەكان دەربڕی و لە دانیشتنێكی كۆنگرێسیشدا ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، هۆشداریی بە عێراق دا بۆ بەهێزكردن و باشتركردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن، "دەبێت رێز لە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و كاركردنی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە عێراق بگرێت".

ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ دووشەم 26ی ئایار، لە هەواڵێكدا بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دوو كۆمپانیای ئەمەریكی گرێبەستێكیان بە بەهای ملیاران دۆلار لە بواری وزە واژوو كرد، سەرەتا حكوومەتی فیدراڵی عێراقی تووڕە كرد، لەبەرئەوەی ڕێككەوتنەكە بەبێ ئاگاداری بەغدا ئەنجام درا.

بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕۆژی شەممە لە میانەی پێشوازیی لە ئانگس كینگ و جەیمس لانكفۆرد سیناتۆرەكانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندەكەی یاوەریان، خواستی خۆی بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا لە سەرجەم كەرتە جیاوازەكاندا دەربڕی، بە تایبەتی ئابووری، وزە، وەبەرهێنان و ڕۆشنبیری. 

لە میانەی دیدارەكەدا سوودانی دووپاتی كردەوە، حكوومەت هەنگاوی یەكلاكەرەوەی لە كەرتی نەوت و گازدا ناوە، دەستكەوتی گرنگی بەدەست هێناوە كە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی هاوكاریی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان و ڕاكێشانی وەبەرهێنان لەو بوارەدا.

ئەوە لە كاتێكدایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 19ـی ئەم مانگە ڕای گەیاند، لە ژووری بازرگانیی واشنتن، ڕێككەوتنی لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی بەبڕی 110 ملیار دۆلار بۆ بەڕێوەبردنی بلۆكی وزەی تۆپخانە لە گەرمیان و پەرەپێدانی كێڵگەی غازی میران ئەنجام داوە.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه