ڕۆژنامەی عەینی ئیماراتی ڕایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا ئەنجام داوە بۆ ئەوەی لە هەڵوێستەکەی پاشگەزببێتەوە و بەشداری لە لووتکەی عەرەبی لە بەغدا بکات. ڕۆژی 17ـی ئەم مانگە، عێراق میوانداری کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی لەبەغدا دەکات، وێڕای ناکۆکییە سیاسییەکان لە بەشداریکردنی ئەحمەد شەرع، حکومەتی عێراق بە فەرمی وەک سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشتی لووتکەکەی کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقی کە قسەی بۆ ڕۆژنامەکە کردووە، ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لەسەر هەڵوێستی خۆی سوورە بۆ ئەوەی نەیەتە عێراق بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی بەغدا و دەشڵێت: سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کردووە تاوەکو لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە و بەشداری لووتکەکە بکات.
پێشتر عەدنان سەرراج، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ڕایگەیاندبوو، شەرع داوای لێبوردنی کردووە و لە لووتکەکە بەشدار نابێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی سووریا لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی نێوان عەلەوی و درووزەکان لە لووتکەکەدا سەرکۆنە دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵی "ئەلحەدەس"ـی ڕاگەیاندووە، کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەجیاتی سەرۆککۆمار ئامادە دەبێت.
بەپێی سەرچاوەکان، "ئەحمەد شەرع بۆ سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە نایەوێت حکومەتی عێراق و کەسی سەرۆکوەزیران بە ئامادەبوونی تووشی شەرمەزاری بکات بەهۆی بوونی هەڵوێستی ڕەتکردنەوە بۆ بەشداریکردنی".
بانگهێشتکردنی شەرع کاردانەوەی لایەنە سیاسی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە شەرع پێشتر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە بە تۆمەتی شەڕکردن لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و عێراق لە سەردەمی دوای 2003 و هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق.
وەڵام بدەوه