نووسینگەی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە پارێزگای بەسڕە، هۆشداریی لە خراپبوونێكی مەترسیدار لە كەرتی پەروەردە دەدات كە پارێزگاكە بەرەوڕووی بووەتەوە. كۆمسیۆنەكە پێی وایە، ئەم پاشەكشەیە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەیە بۆ داهاتووی هەزاران قوتابی بەتایبەت ئەوانەی كە توانای ئەوەیان نییە پەنا ببەنە بەر خوێندنی تایبەت لە پارێزگاكە.
مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەكە، لە ڕاگەیەندراوێكی ڕۆژنامەوانیدا كە میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە لە ڕوانگەی یاسایی و مرۆییەوە سەبارەت بە كەرتی پەروەردە دەخاتە بەردەم بەرپرسارێتی و دەڵێت: "ئەگەر هەوڵێكی جدیی بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییە بنەڕەتییەكان لە كەرتی پەروەردەدا نەدرێت، ئەوا دۆخەكە بەرەو داڕمانە."
تەمیمی گوتیشی: "خوێندنی تایبەت دەسەڵاتی خۆی بەسەر دیمەنی پەروەردەیی لە بەسڕەدا سەپاندووە، چ لە ئاستی قوتابخانەكان یان زانكۆكان، بەجۆرێك خوێندنی حكوومی لە شكستی ساڵانەی بەردەوامدا دەناڵێنێت، ئەمەش كەلێنی چینایەتی قووڵتر دەكاتەوە و بەشێكی فراوانی قوتابییان لە مافی خوێندنێكی باش بێبەش كردووە."
تەمیمی داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕەش دەكات، بڕیاری بەرپرسیارانە بۆ پاراستنی ئەو قوتابییانە بدات کە لە خوێندنی حكوومیدا ماونەتەوە و هۆشدارییشی داوە كە بەردەوامبوون لەسەر پشتگوێخستن، دەسەڵاتی چینی سەرمایەدار بەسەر پەروەردەدا دەچەسپێنێت و كۆمەڵگاكەش ڕووبەڕووی نەخوێندەواری و پاشاگەردانیی زیاتر دەكاتەوە.
وەڵام بدەوه