بڕیارە كارەكانی لووتكەی عەرەبی لە 17ی ئەم مانگە لە بەغدا بێتە سازكردن، ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا لە بە فەرمی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بانگهێشت كراوە بۆ بەشداریكردن، بەهۆی ناڕەزایەتیی ئێران و هەڕەشەی میلیشیا شیعەكانەوە كێشە دروست بووە، بەپێی سەرچاوەیەك شەرع بۆ هاتنی بۆ بەغدا داوای گەرەنتیی ئەمەریكای كردووە.
سەرچاوەیەكی حكوومەتی ئاشكرای كرد، بەغدا چەندان گەرەنتی داوەتە شەرع بۆ سەردانیكردنی بەغدا بە مەبەستی بەشداریكردن لە لووتكەی عەرەبی، بەڵام ئیدارەی سووریا وەك پێویستی نازانێت، لە بەرانبەردا شەرع داوای گەرەنتیی ئەمەریكای كردووە، واتە لە ژێر پارێزراویی كۆمپانیایەكی تەناهیی ئەمەریكیدا بێت بۆ نموونە، ئەوەش بەهۆی بوونی ترس لای دیەشق لە كردنەئامانجی لە عێراق.
روونی كردەوە، قەتەڕ كە رۆڵی گەورەی لە دیدارەكەی سوودانی و شەرع لە دۆحە بینی، پاڵپشتیی لە سەردانی شەرع بۆ بەغدا دەكات، بەڵام كۆمپانیای تەناهی نییە بتوانێت بیپارێزێت، هاوكات بێدەنگیی ئێران بەرانبەر بە سەردانی شەرع بۆ بەغدا ترسی لای دیمەشق دروست كردووە، بۆیە بەشداریی شەرع لە لووتكەی بەغدا پێوەستە بە رێوشوێنە تەناهییەكانەوە.
شایەنی باسە مانگی رابردوو شەرع و سوودانی لە دۆحە چاویان بە یەكتر كەوت، دوای هەفتەیەك سوودانی لە سلێمانی بە فەرمی شەرعی بۆ بەشداریكردنی لە لووتكەی بەغدا بانگهێشت كرد، كەچی ئێران و میلیشیا شیعەكان رازی نین، ئەوەش وای كرد شارەزایان باسی دوو بژارە بكەن، یەكەمیان گواستنەوەی لووتكەكە لە بەغدا، دووەم رەوانەكردنی كەسێكی تر بە نوێنەرایەتیی سووریا بۆ بەشداریكردن لە لووتكەكە.
وەڵام بدەوه