بەکارهێنانی درۆنەکان لە بازرگانیكردن بە هۆشبەرەکان، كە دیاردەیەکی نوێیە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە تاواندا، جۆرێکە لە گۆڕانکاری لە شێوازی كاری قاچاخچییەكان لە عێراق، بەڵام دزینی مەڕوماڵات بە درۆن بە سەیروسەمەرەترین دیاردەی دزی لەم سەردەمە دادەنرێت.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، ماوەیەكە درۆنەکان لە دیالە بۆ قاچاخچییەت كردن بە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران بەکار دەهێنرێن، بەڵام لەم ماوەیەدا هەر لە دیالە، ڕووداوێکی دزینی مەڕوماڵات بە بەکارهێنانی درۆن لە دەوروبەری ناحیەی بەنی سەعد (18کم باشووری ڕۆژئاوای بەعقووبە) تۆمار كراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی، بۆ رۆژنامەی (ئەلمەدا)ی عێراقی، جەختی لەوە كردووەتەوە، كە چەندین تۆڕی قاچاخچێتیكردن بە هۆشبەرەکان، کە درۆنیان لە سنوورەکانی دیالە لەگەڵ ئێران بەکارهێناوە، هەڵوەشێنراونەتەوە.
ئاشكراشی كردووە، ئێستا هەموو سنوورەکان لەژێر چاودێری و هەواڵگریی ئەمنیدان، لەگەڵ بوونی دیواری جیاکەرەوە لەنێوان سنووری عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
سەرچاوەکە ئاماژەی بە داخستنی هەموو دەروازە فەرمییەکانی قاچاخچێتی لە سنووری دیالە و ئێران کردووە و دەڵێ، خراونەتە ژێر چاودێریی هەواڵگری، لەگەڵ بوونی بنکەی چاودێریی جێگیر و گەشتی ئەمنیی بەردەوام، هەروەها ئاماژەی بە کەمبوونەوەی ڕێژەی کردەکانی قاچاخچێتی کردووە، لە چوارچێوەی پلانی هەواڵگریی فراواندا، کە جێبەجێ کراون و بەردەوامن لە جێبەجێکردنیان.
سەرچاوەکە ئاشكراشی كردووە، درۆنەکان 250- 300 گرام لە هۆشبەرەکان لە کاتی گەشتەکەیاندا لە سنووری عێراق لەگەڵ ئێران، یان وڵاتانی دراوسێی دیکە هەڵدەگرن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە باندەکانی قاچاخچێتی پەنایان بۆ شێوازی درۆنەکان بردووە بۆ دەربازبوون لە ڕاوەدوونان و چاودێریی ئەمنی و خۆدەربازکردن لە دەستی دەزگا ئەمنییەکان.
لەپاڵ بەکارهێنانی درۆنەکان بۆ گواستنەوەی هۆشبەرەکان، پارێزگای دیالە لەم دواییانەدا دیاردەی دزینی مەڕوماڵاتیشی بە درۆن تۆمار کردووە، كە لە یەکێک لە گوندەکانی ناحیەی بەنی سەعد (18 کم باشووری ڕۆژئاوای بەعقووبە)وە دوورە، رووی داوە.
بەپێی ماهر فەتلاوی، چالاکوانی مەدەنی و بەگوێرەی زانیاریی دانیشتوان، لە گوندی (المحبوبیە) سەر بە ناحیەی بەنی سەعدی دیالە، دزینی مەڕوماڵات تۆمار کراوە، دوای ئەوەی درۆنێک شوێنەکانیان و ڕێگاکانی گواستنەوەیان لەنێوان شوێنی بەخێوکردن و لەوەڕگاکان دیاری کردووە، پاشان بە شەو بە پشتبەستن بە چاودێریی ئاسمانیی درۆنەکە دزراون.
فەتلاوی لە قسەکانیدا جەختی کردەوە، کە هێزە ئەمنییەکان چەندین کردەی پشکنین و هەواڵگریی فراوانیان لەدەوروبەری گوندەکان و ناوچە گومانلێکراوەکان ئەنجام داوە، بە بوونی باندەکانی دزینی مەڕوماڵات، لەگەڵ ناردنی فڕۆکەی چاودێری بۆ دیاریکردنی شوێنی باندەکان.
بەڵام رەشاد تەمیمی، سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لەمبارەوە دەڵێت “تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بەرچاو نییە لەسەر بەکارهێنانی درۆن بۆ دزینی مەڕوماڵات لە ناحیەی بەنی سەعد، سەلمێنراو نییە، کە درۆن بۆ دزینی مەڕوماڵات بەکار هاتبێت، ئەگەر ئەم حاڵەتە هەبێت، ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".
تەمیمی دەشڵێت “خاوەنی مەڕوماڵاتەکان لە یەکێک لە گوندەکانی ناحیەی بەنی سەعد، هەندێک لە مەڕوماڵاتەکانیان لە ناوچە جیاوازەکان ون کردووە، بەڵام زۆربەیان گەڕاونەتەوە، جگە لە ژمارەیەکی کەم، کە هێشتا بەدوایاندا دەگەڕێن، لەبەر ئەوە دزینی مەڕوماڵات بە بەکارهێنانی درۆن تەنیا هەواڵێکە، کە لەنێوان خەڵکدا بڵاو بووەتەوە و هێشتا لە ژێر پشکنین و لێکۆڵینەوەی ئەمنیدایە.”


وەڵام بدەوه