لە دوای رووداوەكانی سووریا و رووخانی كتوپڕی رژێمی بەشار ئەسەد لە هەشتی مانگی رابردوو، هاوكات لاوازبوونی ئێران و گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بەر لە هاتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆ كۆشكی سپی لەم مانگەدا، هێزە سیاسییە شیعەكانی عێراق دەست بە جموجۆل دەكەن، هەفتەی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆدەبێتەوە و سوودانیش سەردانی تاران و دۆحە دەكات.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژەی كرد، بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێكردنی چەند دۆسیەیەكی گرنگ پێوەست بە دۆخ و ئاسایشی عێراق و ناوچەكە لە دوای رووداوەكانی سووریا كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیی ژمارەیەك لە سەركردە سیاسییەكان نەكرا، بۆیە ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو كۆببنەوە.
روونی كردەوە، بڕیارە لەو كۆبوونەوەیە تاوتوێی چەند پرسێك بكەن، لەوانە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و پێڕەوكردنی سیاسەتێكی خۆبەدوورگرتن و هاوسەنگ كە مسۆگەریی بەردەوامیی بینینی رۆڵێكی كاریگەر بۆ عێراق و سەقامگیریی ناوچەكە بكات، هەروەها باسی بەرنامەی سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاران دەكرێت، لەوانە دۆسیەی قەرزەكانی ئێران بەرانبەر بە كڕینی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا و پرسە تەناهییەكانیش.
بەپێی سەرچاوەكە ئەگەری هەیە لە دوای كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش بێتە سازكردن، لەوێش تاوتوێی ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دەكرێت.
ئەمە و بڕیار بوو سێشەمی رابردوو محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئێران و قەتەڕ بكات، بەڵام دواتر هاتە راگەیاندن كە سەردانەكەی لە هەفتەی داهاتوو دەكات، مەبەستی سەردانەكە وا هاتە راگەیاندن بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی دۆخی ناوچەكە لە دوای پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا.
وەڵام بدەوه