دادگەی پێداچوونەوەی کەرخ، سکاڵاکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتکردنەوە، کە لەدژی گرێبەستەکانی کۆمپانیا بیانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان تۆماری کردبوون.
بڕیارەکانی دادگە کە لە 18ـی کانوونی دووەمی 2024 دەرچوون، سکاڵاکانی وەزارەتی نەوتیان لە دژی 9 کۆمپانیای نەوت رەتکردووەتەوە، وەزارەکە داوای کردبوو، گرێبەستی ئەو 9 کۆمپانیایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵبووەشێندرێنەوە.
ئەو کۆمپانیایانە پێکدێن لە ئاداکس، دانا گاز، دی ئێن ئۆ، گازپرۆم نەفت، گەنەل ئینێرجی، گەڵف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، شامەران و وێستێرن زاگرۆس.
بەپێی بڕیارەکان، گرێبەستەکان "بە دروست دادەنرێن"، تەنانەت ئەگەر گرێبەستەکان پشت بە بنەمای یاسایی ببەستن، کە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە شوباتی 2022ـدا بە نادەستووری دایناوە.
وەزارەتی نەوت لە ئایاری 2022 دەستی بە تۆمارکردنی داواکاری یاسایی کرد بۆ پووچەڵکردنەوەی گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوای بڕیارە گرنگەکەی دادگای باڵای فیدراڵی. پاشان دادگەی کەرخ لە تەممووز و تشرینی یەکەمی 2022 بڕیاری دەرکرد کە گرێبەستەکانی ئاداکس، دی ئێن ئۆ، گەنەڵ ئینێرجی، گەڵف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، شامەران و وێستێرن زاگرۆسی هەڵوەشاندەوە. بەڵام هیچ بڕیارێکی لە دوو کەیسی دیکە دەرنەچوو، کە دژی دانا گاز و گازپرۆم نەفت بوون.
پاشان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان داوای تەمیزکردنەوەی بڕیاری دادگەی کرد. لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول، دادگای پێداچوونەوەی کەرخ بڕیارەکانی پێشووی هەڵوەشاندنەوە.
دادگە لەبارەی هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشووی رایگەیاندووە، بڕیارەکەی شوباتی 2022ـی دادگای باڵای فیدراڵی، ناتوانرێت لەسەر ئەو گرێبەستانە جێبەجێ بکرێت کە پێش دەرچوونی ئەو بڕیارە کراون، وەک پرەنسیپێکی گشتی لە یاسای شارستانی عێراقیدا.
بەپێی بڕیارەکە، لە ئەنجامدا گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە هەموویان پێش بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ کراون "دروست و جێبەجێکراو و پابەندکەرن بۆ هەردوو لایەن، هیچ لایەنێکی دیکەی دەرەوەی گرێبەستەکە ناتوانێت ناڕەزایی دەرببڕێت."
وەڵام بدەوه