پسپۆڕێكی کاروباری سەربازی ڕایدەگەیەنێت، پێویستە عێراقییەكان لەو شوێنانە دوور بكەونەوە، كە ئیسرائیل دەیەوێ بیانكاتە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە (24ی تشرینی دووەمی 2024)، ئەحمەد شەریفی، پسپۆڕی کاروباری سەربازی، بۆ میدیا عێراقییەكان ئەو شوێنانەی دەستنیشان كردووە، كە ئیسرائیل دەیەوێ لە عێراق بیانکاتە ئامانج.
شەریفی بە (بەغداد ئەلیەوم)ی ڕاگەیاندووە، ئامانجە چاوەڕوانکراوەکان بۆ لێدان لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناو عێراق، بریتین لە بارەگا و کۆبوونەوەکان، هەروەها کۆگای چەک و تەقەمەنی. هەندێکیان لەوانەیە نزیک شارەکان بن، کە ئەمەش مەترسیی گەورەی هەیە و دەکرێت ببێتە هۆی قوربانیی زۆری هاووڵاتییان، یان سەربازانی عێراقی.
دەشڵێت: ”ئیسرائیل ئامانجی نیە هیچ ژێرخانێکی دەوڵەت بکاتە ئامانج، لەبەر ئەوەی ئەمە دەبێتە هۆی کێشەی یاسایی لەگەڵ ئەمریکا.“
دەشڵێت: ”عێراق هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی نییە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، بۆیە پێویستە زۆر وریا بین."
ڕۆژی چوارشەممە (20ی تشرینی دووەمی 2024)، سەرچاوەیەکی نزیک لە میلیشیا عێراقییەکان پشتڕاستی کردەوە کە هێرشکردنە سەر بارەگاکانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە چاوەڕوانکراوە.
وەڵام بدەوه