سبەی یەكشەممە، 24ی 11ی 2024، كۆمكاری عەرەبی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەسەر ئاستی نوێنەرانی هەمیشەیی، لەسەر داوكاری عێراق دەكات.
ئەمینداری گشتیی هاوكار لە كۆمكاری عەرەبی، حوسام زەكی ڕایگەیاندووە: كۆمكاری عەرەبی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە و نائاسایی لەسەر ئاستی ئەندامانی هەمیشەیی، بە سەرۆكایەتیی یەمەن گرێ دەدات، ئەوەش لەسەر داوكارییی عێراق بووە.
دەشڵێت: كۆمكار گفتوگۆی یاداشتێكی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڕەشەكانی ئیسرائیل لەبارەی هێرشكردنە سەر عێراق بە هۆی هێرشی میلیشیاكانی عێراق دەكات.
ئەمە لە كاتێكدایە، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل نامەیەكی هەڕەشەئامێزی بۆ عێراق ناردووە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانەکانیدا بۆ (سکای نیوز) ڕایگەیاندووە: عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنیی جددی دەبێتەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە، ئەمەش دوای گرژییه سەربازییهكانى ناوچەکە كه بهمدواییانه ڕوویان داوە.
ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەم هەڕەشانە لە کاتێکی هەستیاردا دێن، وڵاتەکەمان پێویستیی بە ڕێوشوێنی بەهێزە لە ناوخۆ و دەرەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر.
هاوكات هەفتەی پێشوو، ئیسرائیل پەیامێكی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی هێرشی میلیشیاكانی عێراق بۆ سەر وڵاتەكە نارد و ڕایگەیاندووە: ئیسرائیل مافییەتی بەرگری لە خۆی بكات.


وەڵام بدەوه