لە ڕۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق بەڕێوە چوو، تا ئێستە تێچووی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان گەیشتووەتە 951 ملیار دینار.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی عێراقییە، دەركەوتووە ژمارەی دانیشتووانی عێراق تا ئەو ڕێژەیەی سەرژمێری كراوە، 45 ملیۆن و 870 هەزار كەسە، لەو ژمارەیە 25 ملیۆن و 560 هەزار كەس لە ڕەگەزی مێیە و ژمارەی رەگەزی نێریش 20 ملیۆن و 310 هەزار كەسە.
نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری باسی لەوە كردووە، تێچووی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان گەیشتووەتە 951 ملیار دینار، بە جۆرێك تێچووی دارایی راستەوخۆی پرۆسەكە 459 ملیار دینار بووە و تێچووی پەكخستنی دەوامی رەسمی 492 ملیار دینار بووە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، تێچووی ئابووری بە هۆی وەستانی چالاكییە ئابوورییە گشتی و تایبەتییەكانەوە، زۆر فراوانترە لە تێچووی راستەخۆی پرۆسەكە، بەتایبەت ئەو گرووپە هەژارانە كە پشت بە پەیداكردنی بژێوی ژیانیان دەبەستن بەشێوەی رۆژانە و هیچ پاشەكەوتێكیان نەبووە لە كاتی قەدەغەكردنی هاتوچۆ.
لە زۆربەی پارێزگاكان ڕێژەی بەرزی دانیشتووان سەرژمێر كراون، ئەوەش دەركەوتووە كە تا ئێستە ڕێژەی ڕەگەزی مێ لە ڕەگەزی نێر زیاترە.
پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان بەردەوامی هەیە و لەمبارەیەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە، محەمەد شیاع سوودانی فەرمانی بە تیمە گەڕۆكەكانی سەرژمێریی دانیشتوان كردووە، پرۆسەی سەرژمێری تەواو بكەن.
بە گوتەی نەبیلە لە درێژەی ئەو پرۆسەیەدا تێچووەكەی زۆر زیاتر بێت، چونكە هێشتا پرۆسەكە بەردەوامی هەیە و ئەگەری هەیە بۆ چەندان رۆژی تر درێژە بكێشێت.


وەڵام بدەوه