سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ چوارشەممە (13ی11ى 2024) ئاشکرای کرد کە شاندێکی ئەمریکی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا بۆ بەدواداچوونى هەوڵەکانی ئاگربەست لەگەڵ تاران.
ئەو سەرچاوەیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپه‌رى "بغداد الیوم" ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ شاندێکی ئەمریکی گەیشتنە بەغدا کە لە واشنتۆنەوە هاتبوون بۆ بەدواداچوونى هەوڵەکانی ئاگربەست لەگەڵ تاران كه ئه‌وه‌ش به نێوەندگیری عێراق ده‌كرێت".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، ڕه‌نگه شانده‌كه له كاتیكَی تردا له گه‌ڵ سه‌ركرده باڵا سیاسی و حكوومییه‌كانی عێراق كۆببێته‌وه به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵسه‌نگاندنى دۆخى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و دیدگاى كۆشكی سپی دواى سه‌ركه‌وتنى دۆناڵد تره‌مپ له هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ئه‌مریكا.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه باسى له‌وه‌ش كرد: "شاندەکە به گرنگییه‌كه‌ى زۆره‌وه چاویان له سەردانەکەی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقییه كه دوو ڕۆژ لەمەوبەر گه‌شته تاران کە ڕەنگە خاڵێکی گرنگ پێکبهێنێت لە پاڵنانی تاران بۆ ئەوەی سەبر بگرێت لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل له ژێر ڕۆشنایی هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیاترى دۆخه‌كه، بە تایبەت لەگەڵ نیگەرانییەکانی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانى عەرەبی و ناوچەیی كه ترسیان لەوە هەیە ململانێکان گەشە بکات و بگاته قۆناغێکی کراوە کە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بخاتە مەترسییەوە.”
سەبارەت بە سەردانەکەی ئه‌عەرەجی بۆ تاران، خەلیفە تەمیمی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، شیکارییەکی پێشکەش کرد کە دوو ڕێگا بۆ سەردانی قاسم ئەعەرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ تاران، دەستنیشان دەکات.
تەمیمی له‌و باره‌یه‌وه، ڕایگەیاند، "سەردانەکەی ئەعەرەجی بۆ تاران و دیدارەکەی لەگەڵ گرنگترین سەرکردەکانی پلەبەندی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی ئێران لەوانەش قائانی، هەڵگری دوو ڕێگایە و ڕێگاى سێیه‌می نییه. یەکەمیان بریتییە لە گەیاندنی پەیامی گرنگ لە نێوان واشنتۆن و ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەغدا ڕۆڵی هەیە لە هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک قەتەر و عومان و ئەوانی تر."
به گوته‌ى ئه‌و مامۆستای زانكۆیه: "رێگای دووه‌م، ڕزگارکردنی عێراقه له تێوه‌گلانی له گرژییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوای ئه‌وه‌ى وا بڵاو كرایه‌وه، که وه‌ڵامی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل، له به‌غداوه ده‌بێت، جگه له پشتڕاستكردنه‌وه‌ى په‌یامى حكوومه‌تى عێراق به ڕه‌تكردنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى ئاسمانى وڵاته‌كه‌ى له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێكه‌وه بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتى دیكه".
كوژرانى سینوار بووه هۆى ڕاگرتنى دانوستانه‌كان
دیالۆگی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن کە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوە دەچوو، بەهۆی كوژرانى بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس، یەحیا سینوار، ڕاگیرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی هەینی (18ى 10ى 2024) ئاشکرای کرد کە دانوستانی "ناڕاستەوخۆ"ی نێوان تاران و واشنتۆن لە بەغدا دوای كوژرانى یەحیا سینوار، ڕاگیران.
ئەو سەرچاوەیە هه‌روه‌ها، ڕایگەیاند: "هەموو ئەگەرەکان ئەوە بوون کە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتۆن لە ڕێگەی سه‌ركرده باڵاكانى عێراقەوە ئەنجام بدرێت، کە بەپێی ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، بەردەوام دەبێت، بەڵام دوای پشتڕاستکردنەوەی كوشتنى سینوار لە غەزە ، هەموو شتێک گۆڕا."
ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت شاندی ئەمریکی په‌یامیان لە واشنتۆنەوە پێگەیشتبێت به‌وه‌ى كه‌مێك چاوەڕێ بكات و بۆ ماوەیەکیش لە بەغدا بمێنێتەوە تا هه‌موو شتێك ڕوون دەبێتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "شاندی ئەمریکا لە دوای كوژرانى سینوارەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ سه‌ركرده عێراقیەکان نەکردووە و پێدەچێت گۆڕانکاری لە شێوازی دانوستانەکانی داهاتوودا هەبێت و ڕەنگە دواش بخرێت، به‌ڵام شانده‌كه تا ئێستا هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌وباره‌وه نه‌داوه".
سه ڕچاوه یه کی سیاسی ئاگادار پێشتر بڵاوی کردبووه وه که بڕیار بووه ئێواره‌ى ڕۆژى پێنجشه ممه (17ی 10ى 2024) خولی یه‌كه‌می وتووێژی ناڕاسته‌وخۆی نێوان تاران و واشنتۆن لهبه‌غدا به‌ڕێوه بچێت.
هه‌روه‌ها سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕۆژی چوارشەممە (16ى 10ى 2024) ئاشکرای کرد کە کۆشکی سپی هێڵێکی گەرمی لەگەڵ باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا پەسەند کردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران.
ئەو سەرچاوەیە ، گوتی: "واشنتۆن جدییە لە ئەنجامدانی دانوستانی ڕانەگەیەندراو لەگەڵ تاران لە بەغدا، هەروەها هێڵێکی گەرمیش هەیە لەگەڵ کۆشکی سپی بۆ ئەوەی دوایین نوێکارییەکان ڕابگەیەنێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی له‌ماوه‌ى 48 كاتژمێری داهاتوودا دانوستانه‌كان ده‌ست پێبكاته‌وه".
ئاشكراشى كرد: "باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە جموجۆڵی بەردەوامدایە و شانده دیپلۆماسییەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام کۆبوونەوە لەگەڵ سه‌ركرده دیاره‌كانى عێراقدا، ئەنجام دەدەن، کە هەندێکیان ڕانەگەیەندراون، تەنانەت ئەگەر ناڕاستەوخۆش بن، بەڵام گرنگترین شت گوێگرتنە لە بۆچوونی لایەنی بەرامبەر و هەوڵدان بۆ ناردنی پەیامی زیاتر”.
ئاماژه‌ى بۆ ئەوەش کرد کە "ئێران نەرمی نیشانداوە، بەتایبەتی لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، بەڵام وریایە، بەتایبەتی کە تاران پێی وایە واشنتۆن دانوستانکارێکی ناجددییە و متمانەی بە بەڵێنەکانی نییە".
ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا دەڵێت "هەوڵەکانی لایەنە عێراقییەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی کەشێکی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ".


وەڵام بدەوه