سه‌رۆكی لیژنه‌ى ده‌ستپاكی په‌رله‌مانى عێراق، ئاشكراى ده‌كات، به تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى دارایی و كارگێڕیی، سێ وه‌زیری حكوومه‌ته‌كه‌ى سوودانى بانگهێشتى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه گه‌نده‌ڵیی له وه‌زاره‌تى نه‌وت و وه‌زاره‌ته‌كانى دیكه هه‌یه.
زیاد جه‌نابی، سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌ستپاكی په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 1ى ئه‌یلوولى 2024 له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى دیكه‌ى لیژنه‌كه، ڕایگه‌یاند: "لیژنه‌كه‌مان ئه‌م هه‌فته‌یه میواندارى سێ وه‌زیر ده‌كات، له‌نێویاندا وه‌زیرى نه‌وت و وه‌زیرى ناوخۆ هه‌یه."
ڕوونیكرده‌وه كه سه‌باره‌ت به‌و گرێبه‌ستانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به وه‌زاره‌تى ناوخۆوه له‌سه‌رده‌مى وه‌زیری ئێستا یان پێشتر، لیژنه‌كه‌یان پێشتر به نووسراوى فه‌رمى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ئاگادار كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكیان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه.
جه‌نابى باسی له‌وه‌ش كرد، كه لیژنه‌كه‌یان هیچكام له وه‌زیره‌كان به‌ده‌رناكات له لێپرسینه‌وه، وتیشی: "كاری لیژنه‌كه چاودێریكردنى كارى هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانه."
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند:" ئه‌ندامانى لیژنه‌ى ده‌ستپاكی به‌رپرسن له پاراستنى سامانى گشتی و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى دارایی و كارگێڕی، له‌نێویشاندا پۆسته باڵاكانى وه‌زاره‌ته‌كان."
ئاشكراشی كرد، كه گه‌نده‌ڵى دارایی و كارگێڕییان له وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ده‌ستنیشان كردووه، ئه‌مه جگه له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، هاوكات زۆر كارى گه‌نده‌ڵى و پێچه‌وانه‌ى یاسایان ده‌ستنیشان كردووه كه به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان و پارێزگاكان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن .


وەڵام بدەوه