شاندێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سەردانی هەولێر دەكات بەمەبەستی وردبینی لە ناوی كاندیدانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
دوو هەفتە ماوە بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پێش ئەو وادەیە دەبێت ئەنجامی پێداچوونەوە بە ناوی كاندیدان تەواو بێت، لە ئەمڕۆیشەوە وردبینی كۆتایی دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەم یەكی ئەیلوول، جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، راگەیاند، وردبینی بۆ ناوی كاندیدان بەردەوامە و تا ئێستە راپۆرتی كۆتایی ئامادە نەكراوە.
زیاتر گوتی، راپۆرتی كۆتایی لەسەر كاندیدان پشت دەبەستێت بە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دەستی دەستپاكی.
سەرچاوەیەكیش راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێكی یاسایی لە ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی عێراق سەردانی هەولێر دەكات، لە ماوەی یەك هەفتەدا وردبینی و پێداچوونەوە بە لیست و ناوی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەواو دەكەن.
تا ئێستە زیاتر لە هەزار ناو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە، بە سێ قۆناغ وردبینی بۆ ناو و زانیاریی كاندیدان و لیست و هاوپەیمانێتییەكان دەكرێت، قۆناغی یەكەم لەلایەن كۆمسیۆن و قۆناغی دووەم دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆ كردوویانە، قۆناغی سێیەم دووبارە كۆمسیۆن پێداچوونەوە دەكات.
بڕیارە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، بەپێی تۆمارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، سەرووی سێ ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەیان حزب و هاوپەیمانیی و كاندیدی تاك، كێبەركێی مسۆگەركردنی 100 كورسیی پەرلەمان دەكەن، پێنجیان بۆ مەسیحی و توركمانە.
وەڵام بدەوه