ئەندامێکی كوردی لێژنەی نەوت و غاز لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق لەگەڵ ئەوەی زۆریش پێویستی بە داهاتی نەوتی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام بەردەوام رێگرە و نایەوێت پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی كوردستان دەست پێبکاتەوە.
د.سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری پاری لە بەغدا و ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، عێراق خەمساردە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و دەیەوێ تەنیا نەوتی ناوچەكانی دیكەی عێراق بڕواتە دەرەوە.
گوتیشی: ”عێراق ئێستا تەنیا لە ڕێگەی بەسڕا نەوت دەفرۆشێت و نایەوێت 400 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوەی بکات، بەڵام لە ڕاستیدا نابێت ھیچ وڵاتێک تەنیا پشت بە یەک ڕێگای ھەناردەکردنی نەوت ببەستێت، ئەویش تەنیا لە ڕێگەی بەسڕاوە بێت، پێویستە لە ڕێگەی تورکیاش دەست پێبکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر گرفتێک ھەبێت ڕێگای دیکەمان ھەبێت، بۆیە عێراق بەئەنقەست ئەوە دوا دەخات و پێیان خۆش نییە دەست بە هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بكرێتەوە.“
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی یاسای بودجە، دەبێت عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات، لەسەر ئەو پرسە کێشەی گەورە لەنێوان عێراق و رێکخراوی (ئۆپیک)دا ھەیە، بەھۆی ئەوەی عێراق پابەندی ئەو بڕە نیە کە بۆی دیاری کراوە کەم بکرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان دەڵێن: ”نابێت بەرھەمھێنانی نەوت لەوە زیاتر بێت لە عێراق“ چونکە ئێستا بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق چوار ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیلی رۆژانەیە، ئەمە سەرووی ئەو ڕێژەیەیە بۆ عێراق دیاریکراوە و ملیۆنێک بەرمیل زیادە کە عێراق ملیۆنێک بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەکار دێنێت بۆ بەنزین و سووتەمەنیی دیکە، بۆیە گرنگە بەھۆی ئەو بڕیارەوە بەرھەمھێنان کەم بکاتەوە، ھەر بۆیەش عێراق خەمساردە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان دەیانەوێت تەنیا نەوتی خۆیان بڕواتە دەرەوە.“
وەڵام بدەوه