مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، هێرشیان كردووەتە ناو شارێكی ئیسرائیل و زیانیان پێ گەیاندوون، ئەویش بۆ پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس كە بەرانبەر بە ئیسرائیل لە جەنگدایە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشم 21ی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق كە لە چەند گرووپێكی شیعەی سەربە ئێرانن، لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاندووە، شەوی رابردوو سێشەم لەسەر چوارشەم، هێرشیان كردووەتەوە سەر شاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل و زیانیان پێ گەیاندووە.
مقاوەمە لە بەیاننامەكەیدا ئەوەشی گوت كە هێرشەكەیان لەڕێی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان بووە و ئامانجەی خۆی پێكاوە. بەڵام تا ئێستە ئیسرائیل هیچی لەبارەی ئەو هێرشەی مقاوەمە رانەگەیاندووە.
مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق كە لە چەند گرووپێكی میلیشیایی سەربە ئێران پێكدێن، لەوەتەی جەنگی غەزە دەستی پێ كردووە، وەك پاڵپشتی لە حەماس، ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەكەنە ئامانج و چەندان جار لەڕێی مووشەك و درۆنەوە هێرشیان كردووە، ئەمەریكایش چەند جارێك لە وەڵامدانەوەی هێرشەكانیان، هێرشی كردوونەتەسەر و زیانی زۆری پێ گەیاندوون.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 41 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 90 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.
وەڵام بدەوه