ئەمڕۆ سێشەم دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان، ئەندامی دادگای فیدراڵیی عێراق، كە یەكێكە لە دوو ئەندامە كوردەكەی دادگاكە، وەك ناڕەزایی لەسەر بڕیارەكانی دوایی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی كوردستان، دەستی لە ئەندامیەتی لە دادگاكە كێشایەوە، شارەزایانی یاسایی باسی دۆخەكە لەدوای ئەو هەنگاوە كتوپڕە دەكەن، كە ئەگەری دروستبوونی كێشەی گەورەی بۆ دادگاكە هەیە.
ئەمیر دەعمی، شارەزای یاسایی پێی وایە كشانەوەی كتوپڕی دادوەر عەبدولرەحمان سلێمان زێباری لە ئەندامیەتیی دادگەی فیدراڵی، دادگەكە دەخاتە بەردەم كێشەیەكی گەورەوە، رەنگە ببێتە هۆی كشانەوەی زیاتری ئەندامانی یان كشانەوەی سیاسی، دووپاتی كردەوە كە زێباری لە بەیاننامەكەی هۆكاری كشانەوەكەی بە ناڕەزایی وەسف كرد، بەڵام ئەگەری هەیە ئەو ناڕەزایەتییە كەسانی تریش بگرێتەوە، لەناو دادگاكە یان لە كایەی سیاسیدا، چونكە دادگاكە لە ژمارەیەك دادوەر، لەوانە لە هەرێمی كوردستان پێك هاتووە، بۆیە دادگاكە لەبەردەم كێشەیەكی گەورەدایە و ئەگەری هەیە وا بكات هێزە سیاسییەكان داوا بكەن یاسای دادگای فیدراڵی وەك ئەوەی لە دەستووری عێراق هاتووە دەربكرێت.
لای خۆیەوە خالید عەرداوی، مامۆستای زانكۆ تێبینی لەسەر هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی زێباری هەیە بەوەی چەند ئاماژەیەكی خراپ لەخۆ دەگرێت، لەوانە لە بڕگەیەكی نووسراوی هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی باسی ئەوە دەكات كە بڕیارەكانی دادگاكە لە بنەماكانی سیستمی فیدراڵی دوور دەكەوێتەوە لە رێگەی فرەوانكردنی دەسەڵاتەكانی حكوومەتی فیدراڵی لەسەر حسێبی دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاكان وەك ئەوەی لە دەستووری 2005 هاتووە، ئەوەش تۆمەتباركردنێكی زەقە بۆ دادگەی فیدراڵی بەوەی لە بەرپرسیارەتیی دەستووری خۆی لایداوە، ئەو تۆمەتەش پێویستی بە سەلماندن یان رەتكردنەوە لەلایەن دادگاكە هەیە، چونكە دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی خەڵك پێی وەك زامنكاری دادوەری بۆ سیستمی دەستووری لە عێراق.
ئەو شارەزایە نووسراوی ناڕەزایەتی و دەستلەكاركێشانەوەی زێباری دەكاتە هەلێك بۆ رەخنە و تێبینی زۆر لەسەر دادگای فیدراڵی و كارەكانی، تەنانەت باسی دەستوور دەكات كە ئەو دەستوورەی ئێستە، هەر لەلایەن ئەوانەی دایانناوە لە جێبەجێكردنی دەستی دەستی پێ دەكرێت، لەوانە پێوەست بە تەواوكردنی پێكهێنانی دامەزراوە دەستوورییەكانی وەك دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵی و پێكهێنانی هەرێمە فیدراڵییەكان، یان پێوەست بە دەركردنی زیاتر لە 40 یاسا كە بۆ تەواوكردنی سیتسمی یاسایی لە عێراق دەستوور ئاماژەی بۆ پێویستیی دەركردنیان كردووە، ئەوە جیا لە گوماندروستكردنی هەندێكیان بە بێكەڵكیی سیستمی پەرلەمانی و بانگەشەی ئاشكرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و چوون بەرەو سیستمی سەرۆكایەتیی لە فەرمانڕەواییدا
وەڵام بدەوه