ئەندامێكی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری دەدات لە لێكەوتە خراپەكانی یەكلاكردنەوەی ململانێ ئیقلیمی و جەمسەرییەكان لە عێراق.
مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسینێكی بە ناونیشانی (عێراق چی بەسەر دێت؟) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردۆتەوە و تێیدا باسی لەوە كردووە، لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە كە هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێكردووە، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكوڵێ! هۆكارەكەش ئەوەیە كە كۆی ناوچەكە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەیەكیان بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا و ئیسرائیل و بەشێكی وڵاتانی عەرەبییە كە ترسیان لە فراوانبوونی هەژموونی ئێران و گرووپەكانی ناسراو بە بەرەی مقاوەمەت هەیە. بەرەی دووەمیشیان ئێران و میلیشیاكانی و گرووپە پاشكۆكانیانە ”كە بەوە ناسراون، لەناكاو هێرش دەبەن و دەستی خۆیان دەوەشێنن، پاشان لەژێر ناوی جۆراوجۆر و لە ڕێگەی هاندانی رای گشتی بەهۆی هەستوسۆزی ئایینی و مەزهەبی، دەیانەوێ لایەنی بەرامبەر ناچار بكەن كاردانەوەی نەبێت یان بەرگری لە خۆی نەكات!“
هەروەك ئاماژەی بەوەش داوە: ”ئەم دۆخە راستە سەرەتا لە كەرتی غەززە لە فەڵەستین ڕووی دا، بەڵام لێكەوتەكانی بە ڕوونی لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن بەدیار كەوتن. كەچی بەداخەوە بەهۆی باڵادەستیی میلیشیا شیعەكان لە عێراق و ئەو توانا داراییە گەورەیەی لەبەر دەستیانە كە توانای دەوڵەتە، هەروەها بەهۆی گوێنەدانی ئەو میلیشیایانە بە لێكەوتە مەترسیدارەكانی رەفتارەكانیان، خەریكە هەموو ململانێكە دەهێننە عێراق و وڵاتەكە دەكەنە سەنتەری یەكلاكردنەوەی كۆی كێشەكانی ناوچەكە. گومانیشی تێدا نییە كە لە بەرامبەردا ئەمریكا دەستەوەستان نابێت و هەروەك دەبینین ڕۆژانە كاردانەوەی توند و مووشەكی كاریگەر دەوەشێنێت.“
هەر لەو نووسینەدا مەریوان قەرەنی دەڵێت: ”ئەوەی لەم نێوەندەدا هیچ ڕۆڵێكی ئەوتۆ ناگێڕێت لە بەیاننامەی سەركۆنەكردن بترازێ، حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراقە كە نە دەتوانێ ڕێ لە هێرشەكانی ئەمریكا بگرێ، نە میلیشیاكانی پێ كۆنتڕۆڵ دەكرێ! جگە لەوەی هەر ئەو حكوومەتە خۆی، مانگانە مووچە و خەرجیی چەكداركردنی بەشێكی میلیشیاكانی لەسەرە بەو میلیشیایانەشەوە كە رۆژانە هێرش دەكەنە سەر ئەمریكا!“
هۆشداریشی داوە و رای گەیاندووە: ”عێراق دەوڵەتێكی ئەوەندە بەهێز نییە كە بتوانێت لەژێر ململانێی زۆر گەورەی ئیقلیمی و جەمسەرگیرییە نێودەوڵەتییەكاندا ماوەیەكی زۆر خۆی ڕابگرێت. وڵاتێكە هێشتا برینی شەڕی داعشی بەسەرەوە ماوە و ساڕێژ نەبووە، بۆیە ئەگەر میلیشیاكان واز لەو هەڵسوكەوتانەیان لە دژی هێزەكانی هاوپەیمانان نەهێنن، هەروەها ئەگەر ئەم گوتاری دەركردنەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە وڵاتەكەدا كۆتایی نەیەت لە كاتێكدا هەموان دەزانن دەركردنی ئەو هێزانە بە مانای بەهێزبوونی هەژموونی كام وڵات دێت لە عێراق؟ ئەوا لە ئاییندەدا دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، قەیرانی گەورەی ئەمنی و سیاسی دروست دەبێت، دوور نییە لێكەوتەی ئابووریی گەورەشی لێ بكەوێتەوە و سەرەنجام عێراقییەكان زەرەرمەند بن.“
لە كۆتاییشدا باسی لەوە كردووە كە باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخە، گەڕانەوەیە بۆ عەقڵ و لۆژیك و وازهێنانە لە كاركردن بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی تر و گەڕانەوەیە بۆ كاركردن بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراق. ”هەروەها كاتی ئەوەیە عێراقییەكان واز لە گێڕانی ڕۆڵی پاڵەوان و ڕزگاركەری خەڵكی وڵاتانی تر بهێنن، چونكە ئەگەر مشوورێك لە خۆیان نەخۆن، كەس نابێت ئەمجارە عێراقییەكان ڕزگار بكات!“
وەڵام بدەوه