دوای تەواوبوونی پشووی یاسادانانی، بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی ئەم وەرزەی خۆی ساز بكات، پەرلەمانتارێكیش باسی یەكەم بڕگەی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكات.
عامر فایز، سەرۆكی فراكسۆنی تەسمیم لە پەرلەمان ئاشكرای كرد كە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق شەمووی داهاتوو 13ی كانوونی دووەمی وەك وادەی یەكەم دانیشتنی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی دیاری كردووە، یەكەم بڕگەش لە دانیشتنی هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێیە لە شوێنی محەمەد حەلبووسی، كە لەلایەن دادگەی فیدارڵییەوە لادراوە.
ئاشكرای كرد كە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كە بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ بێتە سازكردن، بۆ شەمووی داهاتوو دواخرا، كۆبوونەوەكەش بە مەبەستی دیاریكردنی وادەی دانیشتنی تر و گفتوگۆكردن و دەركردنی یاساكانە لە وەرزی نوێی یاساداناندا.
شایەنی باسە لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق كە لە 18ی كانوونی یەكەمی رابردوو هاتە سازكردن، دادگەی فیدراڵی بڕیارێكی بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەركرد، بۆیە لەو ساتەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە لە چوارچێوەی شیعەیە، لە شوێنی حەلبووسی سەرۆكایەتیی دانیشتنە نائاساییەكان دەكات، بۆیە بۆ ئاساییبوونەوەی دانیشتنەكان دەبێت سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
لە بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لە 6ی كانوونی دووەم هاتووە، لەگەڵ كۆتاهاتنی پشووی یاسادانانی پەرلەمان و دەست پێكردنی یەكەم وەرزی سێیەم ساڵی یاسادانانی پەرلەمان لە 9ی ئەم مانگە، داوا لە پەرلەمانتار و لیژنە و فراكسیۆنەكان دەكەین دەست بە كاری یاسادانان و چاودێریی خۆیان بكەنەوە، دوای ئەوە وادەی یەكەم دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان دیاری دەكرێت، بۆ تەواوكردن و دەركردنی یاساكان و كاری چاودێریكردن كە ئەركی پەرلەمانە.
وەڵام بدەوه