رۆژی یەکشەممە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی باڵای بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەستپێکرد کە پێکهاتووە لە چەند راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، نوێنەری وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچە و بودجەی تەواوی ساڵی 2023 رەوانە بکەن کە بۆ هەر مانگێک 913 ملیار دینارە، هەروەها بە زووترین کات یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 هەمواربکرێتەوە تاوەکو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە.
هاوکات شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە تا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، مانگانە بڕی 750 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت چونکە کورتهێنان هەیە بۆ دابینکردنی مووچە لە داهاتی ناوخۆ کە مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارە و لەو بڕەش تەنیا 120 ملیار دیناری بەشێوەی کاشە.
لە بەرامبەریشدا تیمی حکومەتی عێراقی داوایان کردووە کە بە داتا داهاتی نەوتی و نانەوتییەکان رادەستی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بکرێت و هەروەها هەرێمی کوردستان قەرزەکانی ساڵانی رابردوو بگەڕێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی راسپێدراوە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێرداوەکان.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسای بودجە دەبێت ساڵانە قەرزەکان بدرێتەوە نەک هەموو ساڵەکان بەیەکەوە، هەروەها داهاتەکانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی یاسا لە کۆی گشتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، رێژەی داهاتەکە دەبڕدرێت و تەواوکاری بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان وەک لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
وەڵام بدەوه