تا ئێستە دیمەنە كارەساتبارەكانی پەتای كۆرۆنا لە هزری خەڵك ماوە، كە تەواوی مرۆڤایەتی بەرانبەر بە پەتایەكی نوێ و نادیار دەستەوەستان بوون و لەبەر چاویان ملیۆنان كەس گیانیان لەدەست دا، شارەزایانی ئەمەریكایی وریایی لە هەڕەشەیەكی نوێ دەدەن كە رەنگە ڤایرۆسی ئینفلەوەنزای باڵندە لە داهاتوودا دروستی بكات.
تا ئێستە ئاماژەیەك نییە بەوەی ڤایرۆسەكە لە نێوان مرۆڤەكان دەگوازرێتەوە، بەڵام ئەو ڤایرۆسە لە بڵاوبوونەوە لە ناو رەشەوڵاخ و مانگا بەردەوامە و لە ئەمەریكا بۆ ژمارەیەك خەڵك گوازراوەتەوە، سەنتەری كۆنترۆڵی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێیان ئاماژە بۆ تۆماركردنی 58 حاڵەتی تووشبوون بە ئینفلەوەنزای باڵندە لە ئەمەریكا لە ماوەی ئەمساڵ دەكات.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش داوای خۆسازدان دەكات و دووپات لە زیادكردنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی دەكاتەوە، لە رێگەی چاودێریكردن و دابینكردنی كەرەستەكانی خۆپاراستنی كارمەندانی بەركەوتەی سەرچاوەی ڤایرۆسەكەن، وەك ئاژەڵ و باڵندە تووشبووەكان، هاوكات پێویستە ئاڵوگۆڕی زانیاری بە بەردەوام لەبارەی تەشەنەكردنی ئەو نەخۆشییەوە هەبێت.
شارەزایان ئاماژە دەكەن كە بۆ بوونی ئەو نەخۆشی و ڤایرۆسە بە پەتا و بڵاوبوونەوەی، ڤایرۆسی " H5N1"، واتە ئینفلەوەنزای باڵندە پێویستیی بە بازدانێكی بۆماوەیی هەیە، بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر سییەكان دروست بكات، كۆوارێكی زانستیش ئاشكرای دەكات كە ئەو ڤایرۆسەی لەناو مانگاكانی لە ئەمەریكا بڵاو بووەتەوە، تەنیا یەك بازدانی ماوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ناو مرۆڤیش بڵاو ببێتەوە.
وەڵام بدەوه