دیاریکردنى بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە بودجەدا بۆ ماوەى سێ ساڵە، هەر گۆڕانکارییەک لە بەهاکەیدا پێویستى بە رەزامەندى پەرلەمانى عێراق دەبێت. سەرچاوەیەک لە بانکى ناوەندیى عێراق دەڵێت، لە رێگەى دیاریکردنى بەهاى فەرمیی دۆلار لە بودجەدا هەوڵدەدەن بۆشایی نێوان بەهاى فەرمى و بازاڕى دۆلار نەهێڵن.
پەرلەمانى عێراق لە 8ى حوزەیرانى 2023، مادەیەکى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى پەسند کرد، کە تێیدا بەهاى فەرمیی یەک دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە 1300 دینارى عێراقى جێگیر کراوە.
رۆژی 11ى حوزەیرانى 2023، دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسای پەرلەمانى عێراق راگەیاند: دیاریکردنى ئەو بەهایەى دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ ماوەى سێ ساڵە بەو پێیەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بۆ ساڵانى 2023ـ 2024-2025 دەبێت و لەدواى پەسندکردنى لە پەرلەمان هەر گۆڕانکارییەکى تێدا بکرێت، پێویستە لە رێگەى پەرلەمانەوە ئەو مادەیەى پڕۆژەیاساى بودجە هەموار بکرێتەوە.
رۆژی 9ى شوباتى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق راسپاردەى بانکى ناوەندى پەسندکرد بۆ بەهاى فەرمى دینار بەرامبەر بە دۆلار، بەشێوەیەک کە بانکى ناوەندى دۆلارێک بە 1300 دینار لە وەزارەتى دارایی بکڕێتەوە، بە 1310 بە بانکەکانى بفرۆشرێتەوە، بانکەکان بە 1320 دینار بیفرۆشنەوە بە هاووڵاتییان و بازرگانان.
دارا سێکانیانى گوتى: "لەدواى ئەوەى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بودجە دیاریکرا، حکومەتى عێراق ناتوانێت بە رێنمایی گۆڕانکارى لە بەهاکەیدا بکات.
هەرچەندە بانکەکان یەک دۆلار بە 1320 دینار بە هاووڵاتییان و بازرگانان دەفرۆشن، بەڵام بەهاکەى لە بازاڕەکاندا لە سەرووی 1450 دینارەوەیە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بانکى ناوەندیى عێراق راگەیاند، دیاریکردنی بەهای یەک دۆلار بەرامبەر 1300 دینار لەسەر پێشنیازى ئەوان بووە و دەیانەوێت لە رێگەیەوە سەقامگیریی بگەڕێتەوە بۆ بەهاى دینار و کۆتایی بەو بۆشاییە بهێنن کە لەنێوان بەهاى فەرمى دۆلار و ئەو بەهایەی کە لە بازاڕدا مامەڵەى پێوە دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیەى بانکى ناوەندى گوتى: "دیاریکردنى بەهاى فەرمى بەرامبەر بە دۆلار وادەکات کە کۆمپانیاکان دڵنیا ببن لەوەى بەهاکەکەى گۆڕانکاریى بەسەردا نایەت.
وەڵام بدەوه