وەزیری دارایی عێراق بڕیاری لەسەر زیادکردنی ژمارەیەک شوێنی دیکە لە بەغدا و پارێزگاکاندا بۆ فرۆشتنی دۆلار بە بەهای دیاریکراو لەلایەن بانکی ناوەندی. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت: "دەبێت ئاسانکاریی دیکە بکرێت ئەگەر عێراق بیەوێت بەهای دینار بەرزبکاتەوە.
رۆژی دووشەممە 27-2-2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەردانی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدی کرد و ژمارەیەک داواکاریی لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ئەو دوو بانکە کرد؛ لەنێویاندا بەپێویستی زانی پڕۆژەکانی نوێکردنەوەی سیستمە بانکییەکان تەواوبکرێت و پشت بە شێوازی نوێی پێشکەوتوو ببەسترێت لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە خاڵەکانی فرۆشتنەوە (point of sale)ەوە هەیە، جگە لە ئاسانکارییەکانی دیکە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، وەزیری دارایی جەختی لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی قۆناخەکانی سیستمی بانکیی تەواو لەگەڵ "کۆمپانیای ئەرنست وێنگ"، لەڕووی بنکەی داتا و سێرڤەرەکان و رێککەوتن لەسەر گرێبەستی چاککردنەوە و کارپێکردن و راهێنان و سەرجەم رێوشوێنەکانی دیکە کردووەتەوە، کە دەبنە هۆکاری سەرخستنی پڕۆژەکە.
هاوکات ئەو وەزیرە بەپێویستی زانیوە مەرجەکانی پشتبەستن بە سیستمی نوێکردنەوەی کارگێڕیی دارایی گشتی لەگەڵ هەردوو بانکە حکومییەکە تەواو بکرێت، کە ژینگەیەکی ئاسایش و تەواو بۆ گواستنەوەی ئاسایشانەی زانیارییەکان لەنێوان وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و بانک و دامەزراوە داراییەکان دەڕەخسێنێت.
تەیف سامی بڕیاریداوە بە زیادکردنی دەروازەکانی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بە نرخی فەرمیی جێگیرکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لە رێگەی لقەکانییان لە بەغدا و پارێزگاکانەوە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی دۆلار لەلایەن خەڵکەوە بکرێت و قەرەباڵخی نەهێڵدرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق ی گوت: "زیادکردنی شوێنەکانی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان ئەگەر رێوشوێنی دیکەی لەگەڵدا بێت، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەهای دینار؛ لەوانە عێراق ئاسانکاریی دیکەش بکات لە رێگەی رێوشوێنی دیکەوە، هەروەها دڵنیاببێتەوە لە چەکەکان و ئەو پارانەی دەچنە دەرەوە، لەگەڵ کردنەوەی شوێنی دیکە بۆ فرۆشتنی دۆلار."
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دابەزینی بەرچاوی بەهای دیناری عێراقی، رۆژی 07-02-2023 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بە شێوەیەک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار."
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا بوو، بەهای 100 دۆلار لەنێوان 170 بۆ 175 هەزار دینار بوو، دوای بڕیارەکە بەهای دینار بەرز بووەوە، بەڵام بەرزبوونەوەکە لە ئاست خواست و پێشبینییەکانی حکومەت نەبوو، کە دەبێت 100 دۆلار بە 132 بۆ 133 هەزار دینار بگاتە دەستی هاووڵاتییان.
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات؛ تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیربوو تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند.
وەڵام بدەوه