راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە دوو هەفتەی داهاتوودا بەهای دینار دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
فادی شەمەری، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند: "کۆبوونەوەی ئیستەنبووڵی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەرکەوتوو بوو. بانکی ناوەندیش ژمارەیەک رێکاری نوێی راگەیاند کە کاریگەریی گەورەیان دەبێت لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار، ئەوە وێڕای رێکارە تووندە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دۆلار بە قاچاخ دەبەن و یاری بە نرخەکەی دەکەن".
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "بۆ گەندەڵکاران و ئەوانەی یاری بە نرخ دەکەن، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەهای دینار دەگەڕێتەوە نرخی سرووشتی خۆی".
ئێوارەی هەینی، 3ـی شوباتی 2023، شاندی بانکی ناوەندیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانکەکە لەگەڵ براین نیلسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و شاندی یاوەری لە تورکیا کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا کرا لەپێناو بەدەستهێنانی سەقامگیری لە ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و میکانیزمە پەیوەندیدارەکانی.
دوای ئەو راگەیێندراوە، بەهای دیناری عێراقی بە خێرایی بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و لە ماوەیەکی کەمدا 100 دۆلار گەیشتە 163 هەزار دیناری عێراقی لە کاتێکدا کە رۆژی پێنجشەممە 100 دۆلاری ئەمریکی 175 هەزار دیناری تێپەڕاند.
وەڵام بدەوه