نرخەکانی زێڕ و زیو لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ هەینیدا 13ى 2ى 2026 بەهۆی پرۆسەکانی کڕینەوە بووژانەوە، دوای ئەوەی لە دانیشتنی ڕابردوودا بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی هەفتەیەکدا دابەزین.
تا کاتژمێر 01:27 بەکاتی گرینیچ، نرخی زێڕ لە مامەڵە دەستبەجێیەکاندا بە ڕێژەی 1% بەرزبووەوە بۆ 4966.83 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە بە ڕێژەی زیاتر لە 3% دابەزیبوو و گەیشتبووە نزمترین ئاستی لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا کە کەمتر بوو لە ئاستی پێنج هەزار دۆلار.
گرێبەستە داهاتووەکانی زێڕ لە ئەمریکا بۆ ڕادەستکردنی مانگی نیسانی داهاتوو، بە ڕێژەی 0.7% زیادیکرد و گەیشتە 4985.40 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
نرخی زیویش لە مامەڵە دەستبەجێیەکاندا بە ڕێژەی 2.1% بەرزبووەوە بۆ 76.76 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بە ڕێژەی 11% دابەزیبوو.
دوێنێ پێنجشەممە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی و سەقامگیری خۆی پاراست، ئەمەش دوای دەرکەوتنی ئاماژە دژبەیەکەکان لە دوایین داتای ئابووریی ئەمریکاوە. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەبێتە هۆی گرانبوونی تێچووی ئەو کانزایانەی کە بە دۆلار نرخێنراون بۆ ئەو کەسانەی خاوەنی دراوەکانی ترن.
ئەو داتایانەی ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرانەوە، دەریانخست کە بازاڕی کاری ئەمریکا ساڵی 2026ی بە شێوەیەکی بەهێزتر لە چاوەڕوانییەکان دەستى پێکردووە، ئەمەش ئەگەری هێشتنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی بە بەرزی بۆ ماوەیەکی درێژتر زیاتر دەکات.


وەڵام بدەوه