هەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بەردەوامن و حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستییەتی پێش جەژن مووچەی مانگی پێنج دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان کراوە پەلە بکەن لە ئامادەکردنی لیست. لە دوو بۆ سێ ڕۆژی داهاتوودا لیستی مووچە ئامادە دەکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم ئەرکی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کرد، ئەویش تەرازووی پێداچوونەوە - میزان مراجەعەیە و لە ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی ئەم مانگەوە نێردراوە. هەروەها یەکە ژمێریارییەکانی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان ئاگادارکراونەتەوە بەخێرایی لیستی مووچەی مانگی پێنج بە سیستمی پەیرۆڵ ئامادە بکەن و بۆ وەزارەتی بنێرن.
وەزارەتی دارایی کوردستان دەیەوێت دوای کۆکردنەوە و وردبینی لە لیستی مووچەی وەزارەتەکان، بە چەند ڕۆژێکی کەم لیستەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت.
ئەرکی سێیەمی هەرێمی کوردستان ناردنی داهاتی ناوخۆیە، کۆکردنەوەی داهات و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی داهاتی ناوخۆی مانگی ڕابردوو دەستی پێکردووە. هەوڵ دەدرێت ئەم هەفتەیە ئەویش ئامادە بکرێت. کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ لیستی مووچە بۆ بەغدا بنێردرێت و پشکی بەغداش بە کاش بخرێتە سەر هەژماری بانکییەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
بڕیارە لەم هەفتەیە تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق بێنە هەولێر و لەگەڵ وەزارەتی دارایی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری لیستی مووچەی مانگی پێنج تەواو بکەن، لەگەڵ وردبینیکردن لە داهاتی ناوخۆ. دواتریش لیستەکە لەگەڵ خۆیان ببەنەوە بۆ بەغدا. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی راگەیاند، "ئەگەر تیمەکەی بەغدا ئەم هەفتەیە نەیەنە هەولێر، تیمێکی تەکنیکی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەکەن، لیستی مووچەی مانگی پێنجیش لەگەڵ خۆیان دەبەن و ڕادەستی بەغدای دەکەن."
وەڵام بدەوه