لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق جهخت دەكاتەوە، لە داهاتی نانەوتیدا عێراق زۆر خراپە و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ڕوونیشی دەكاتەوە پلانێکیان لەبەر دەستە لێکۆڵینەوە لە دۆخی دارایی و داهاتە نانەوتییەکان دەكەن.
ڕوقەیە ئەلنووری، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە (ئاژانسی هەواڵی عێراق)ی ڕاگەیاند: "لیژنەکەمان پشتگیری لەو ڕەوتە ئابوورییانە دەکات کە سوودی بۆ وڵات بە گشتی دەبێت، دەرفەتێکی زۆر لە بواری داهاتی نانەوتیدا هەیە، بەڵام عێراق تەنیا پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و داهاتی نانەوتییش زۆر خراپە و سەرچاوەكانی داهاتی فرەچەشن نییە."
ئاماژەی بەوەش دا: "لێکۆڵینەوە لە دۆخی دارایی و ئابووری و هاندانی داهاتە نانەوتییەکان دەكەین، لە هەمان کاتدا دەبێت چاودێریی دابەشکردنی داهات و شەفافیەتی داهاتەكان بكەین."
ڕوونی كردهوه، دەبێت هانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بدرێت بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە بوارە جیاوازەكاندا، گوتیشی: "ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نانەوتی هەیە، بەشێكی زۆر كەمی بودجە پێك دەهێنێت، ئەوەش مەترسییەكی ڕاستەقینەیە."
پێی وایە پشتگیری لە هەمەچەشنکردنی داهاتەكان تەنیا بە قسە ناكرێت، بەڵكوو كاری زۆر ستراتیژیی پێویستە.
لە بودجەی ساڵی 2024دا بودجەی نانەوتیی عێراق تەنیا 18% بووە.


وەڵام بدەوه