بەهای زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لە ماوەی سێ هەفتەدا نرخی هەر مسقاڵێك زێڕ 45 بۆ 50 هەزار دینار بەرز بووەتەوە. گوتەبێژی سەندیكای زێڕینگەرانیش هۆكارەكانی ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوەش دەكات: "بەهۆی فراوانبوونی جەنگ لەنێوان ئۆكڕاینا و رووسیا و پەرەسەندنی بۆ وڵاتانی دیكە، هەر ئۆنسەیەكی زێڕ 180 دۆلار بەرز بووەتەوە."
ئەمڕۆ شەممە 23/11/2024، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە مامەڵەی پێوە دەکرێت:
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 24 بە 668 هەزار دینارە.
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 22 بە 612 هەزار دینارە.
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 21 بە 585 هەزار دینارە.
- مسقاڵێک زێڕ عەیار 18 بە 500 هەزار دینارە.
دانا وەرتی، گوتەبێژی سەندیكای زێڕینگەرانی هەولێر، راگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، كە سەرەكیترینییان رێگەپێدانی ئەمریكا و ئەوروپا بوو بە ئۆكراینا، بۆ لێدانی رووسیا بە مووشەكی دوورمەودا، هەروەها رووسیاش چەند لێدوانێكی مەترسیداری دا، بە بەكارهێنانی چەكی ناوەكی و پاشانیش مووشەكێكی كیشوەربڕی بەكار هێنا."
لەگەڵ سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەهای زێڕ لە بۆڕسەی جیهاندا دابەزی و ئاڕاستەكەش بەردەوامبوو لە دابەزین.
دانا وەرتی گوتی: "بەهۆی ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ بووە سەرۆكی ئەمریكا و پێشتر بەڵێنی دابوو، كە ببێتەوە سەرۆك شەڕ رادەگرێت، بەڵام ئێستا تڕەمپ هیچ دەسەڵاتێكی نییە، نەك شەڕ نەوەستاوە، بەڵكوو فراونتریش بووە، بۆیە دابەزینی نرخی زێڕ كاتی بوو، چونكە جەنگەكە فراوانتر دەبێت."
روونیشی كردەوە، پێشووتر هێزی دۆلار و نرخی زێڕ پێچەوانەی یەكتر بوون، بەڵام ئێستا لەسەر ئاستی جیهانی دۆلار و زێڕ لەبەرزبوونەوەدان، گوتیشی: "هێزی دۆلار و زێڕ بەردەوام پێچەوانەی یەكترن، بەڵام ئەمجارە وەكوو یەكن، دۆلار 107 خاڵی تۆمار كرد، ئۆنسەی زێڕیش نرخی زیادی كرد، ئەوەش بەهۆی فراوانبوونی جەنگ و مەترسییەكانی جەنگە لەنێوان ئۆكڕاینا و رووسیا و پەرەسەندنی بۆ وڵاتانی دیكە."
گوتەبێژی سەندیكای زێڕینگەرانی هەولێر، ئاشكراشی كرد: "بەراورد بە سێ هەفتەی رابردوو، نرخی هەر مسقاڵێك زێڕ 45 بۆ 50 هەزار دینار بەرز بووەتەوە و هەر ئۆنسەیەكی زێڕیش 180 دۆلار گران بووە."


وەڵام بدەوه