گەورەترین کێشەی بەردەم مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر کرا و حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دا لەسەر گواستنەوەی پارە لە پشکی خەرجکردن بۆ پشکی مووچە. بەهۆی نەمانی پارەی نەختینە لە پشکی مووچە لە بودجە، کێشە بۆ بەشێکی مووچەی مانگی 10 و مووچەی مانگەکانی 11 و 12درووست ببوو.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ئەم سێ مانگە پێویستی بە نزیکەی دوو تریلۆن و 900 ملیار دینارە، تەنیا 700 ملیار دیناریشی لە پشکی مووچە لە بودجەی ساڵی 2024 مابوو، بەڵام لە پشکەکانی دیکەی بودجە سێ تریلیۆن دیناری مابوو و پێویست بوو بۆ پشکی مووچە بگوازرێتەوە، ماوەیەکیش بوو لە بەغدا ئەم ڕێکارە قانوونییە واتە گواستنەوەی پارەکە دوادەخرا.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ هەرێمی وکوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەی پارە لە پشکی خەرجکردن بۆ پشکی مووچە دەربڕیوە. هەر ئەمڕۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 10 چووەتە قۆناغی وردبینی، کە قۆناغی پێش خەرجکردنی پارەیە، ئەمەش زۆری ناوێت و لەم ڕۆژانە یەکەم گوژمەی مووچەی مانگی 10 خەرج دەکرێت.
وەڵام بدەوه