بانکی وەزارەتی دارایی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆران ئاگادار دەکاتەوە، کە دەوام دەکەن و بایۆمەتری و (UPN) بۆ ئەو مووچەخۆرانە دەکەن، کە داوایان لێ کراوە بیکەن.
ژیار ئەكرەم، سەرپەرشتیاری بنكەكانی تۆماری بایۆمەتریی هەولێر، راگەیاند: "مەو ماوەیە تیمەکانمان لە بانکەکان له ڕۆژانی ئاسایی و پشووشدا دەوامیان کردووە و بەردەوام دەبین و ئەو مووچەخۆرەی بایۆمەتری نییە و کێشەی بارکۆدی هەیه، سەردان بکات پێش ئەوەی وادەکە تەواو بێت."
بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی، هەر مووچەخۆرێك تاوەکوو 20ی 11ی 2024 بایۆمەتری نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەکەی ڕادەگیرێ.
بەڵێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری بانکی سەیدسادق، ڕاگەیاند: "ژمارەیەکی زۆری مووچەخۆر ماون ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) و بایۆمەتریان بۆ بکرێت."
ئاماژەی بەوەش داوە: "هەر مووچەخۆرێک، فەرمانبەرێك، خانەنشینێك، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی، ئەگەر بایۆمەتری و (یو پی پێن)ی نەکردووە، دەتوانن بە مەبەستی تۆمارکردن سەردانمان بكەن."
باسی لەوەش کرد، مامۆستایانی گرێبەستیش بایۆمەترییان بۆ دەکرێت.
كۆدی (UPN) بۆ مووچە و هەموو زانیارییەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆران بووەتە بنەمایەكی سەرەكی.
ئەو بەرپرسەی بانک جەختی کردەوه، کەمتر لە هەفتەک ماوە و پڕۆسەکە تەواو دەبێت.
شیرین ئهحمهد ڕۆژبەیانی، بەڕێوەبەری یەکێک لە بانكەکان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: "هەفتەکانی پێشوو هەینی و شەممەش بۆ بایۆمەتری دەواممان کردووە، بەڵام ئەم هەینی و شەممە بانکی ئێمە کراوە نابێ، بەڵام ئەوەی بەئێمە گوتراوە تاوەکو20ی11بایۆمەتری دەکرێت، جارێ نازانین وادەکە درێژ دەکرێتەوە یاخود نا."
جەختی کردەوە، مامۆستایان و فهرمانبهران و خانهنیشینان و کەمئەندامان و ئەو مووچەخۆرانەی بهپێی یاسا و ڕێنوێنییهكان پێویستیان به تۆماری بایۆمهترییە بۆیان دەکرێ.
بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەی ڕۆژی 6ی 11ی 2024ی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، هاتووە: «بۆ ئەوانەی، کە تا ئێستا بایۆمەترییان نەكردووە، یان ژمارەی وەزیفیی بێ هاوتایان نییە، ڕۆژی 20ی 11 وەک دوا وادە دەستنیشان کراوە."
شیرین ئهحمهد ڕۆژبەیانی ڕوونیشی کردەوە، لە چەند فەرمانگەیەک مامەڵەکانیان بۆ ڕەوانە دەکرێت، گوتیشی: "لە فەرمانگەکانی خانەنشینی و شەهیدان و کەمئەندامان، بەپێی نووسراو مووچەخۆران و میراتگرانیان بۆ لای ئێمه دەنێردرێن و بایۆمەترییان بۆ دەکرێت.


وەڵام بدەوه