وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بۆ چۆنیەتیی ئامادەكردنی لیستی مووچە، هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردەوە و جەخت دەكاتەوە، كە دەبێت گشت فەرمانبەران بایۆمەتری و كۆدی بێهاوتایان هەبێت و نابێت ناو و كۆدی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەبێت.
وەزارەتی دارایی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی لەبارەی چۆنیەتیی ناردنی لیستی مووچەی مانگانە لەسەر ئاستی وەزارەتەكان ئاگادار كردووەتەوە.
ئاماژە بەوە دراوە: "دەبێت لە لیستی مووچەدا گشت فەرمانبەران ناویان لە لیستدا هەبێت و بە میلاك هەژمار بكرێت، مووچەخۆران و ئەوانەیشی مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە، دەبێت بنووسرێن."
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "دەبێت گشت فەرمانبەران بایۆمەترییان كردبێت و (UPN)یان هەبێـت و نابێت لە لیستی مووچەدا دووبارە بێتەوە، بەپێچەوانەوە رەت دەكرێنەوە."
جەختیش كراوەتەوە، نابێت ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەبێت: "ئەگەر لە لیستی مووچەدا ناوی دووبارە هەبوو، بەڵام یەك كەس نەبوون و دوو كەسی جیا بوون، پێویستە ناوی دایكیان بنووسرێت."
وەزارەتی دارایی ئەوەشی بۆ وەزارەتەكان خستووەتە ڕوو، كە دەبێت: "لیستی مووچە بە یەك شێواز و یەك فۆنت بێت، هەروەها نابێت لە نووسینی ژمارە نزیك كردنەوە بنووسرێت، بەڵكوو دەبێت ژمارەكە وەكوو خۆی بنووسرێت، بۆ نموونە نابێت، 200 بكرێتە 250."
ئەوەش بە وەزارەتەكان راگەیاندراوە، كە: "دەبێـت لە لیستی گرێبەستەكان، رۆژی دامەزراندن و رۆژی نوێكردنەوەی گرێبەستیان بنووسرێت."
دووپات كراوەتەوە كە: "مانگانە لیستی مووچە بە سیدی و كاغەز بۆ وەزارەتی دارایی بنێردرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەك میلاك زیاد بێت، جگە لە حاڵەتی گواستنەوەی راژە و بۆ ئەوەش دەبێت روونكردنەوە بدرێت."
داواش كراوە كە: "پلە و مەرتەبە دەبێت بە شێوەیەكی دروست بنووسرێت."
پێویستە مانگانە وەزارەتەكان لەگەڵ لیستی مووچە ئەم روونكردنەوانە پێشكەش بكەن: "پوختەی مووچەی هەمیشەیی و گرێبەست، دیاریكردنی ناوی ئەو كەسانەی دووبارەن و ناوی دایكیان بنووسرێت، دیاریكردنی ئەو كەسانەی بایۆمەترییان نەكردووە، پوختەی لیستی مووچە لەسەر ئاستی گەنجینە، روونكردنەوە لەسەر گۆڕانكاریی میلاك، وەكوو خانەنشین بوون و گواستنەوەی راژە، گۆڕانكاریی لیستی مووچە لەگەڵ مانگی پێش خۆی."
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی راگەیاند: "بۆ لەمەودوا لیستی مووچە بەو شێوەیە نەبێـت، كە داوامان كردووە، لیستەكە وەرناگیرێت و كاری لەسەر ناكرێت، بۆیە دەبێت سەرجەم وەزارەتەكان پێیەوە پابەند بن."
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی 3ی تەمووزی 2024 جەختی کردەوە کە: "پێویستە وەزارەتەکان لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک، بەردەوام بن لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، تاوەکوو هیچ بیانوویەک نەمێنێت، کە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران."
پێشتر د. محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندبوو: "مانگانە لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هێزە ئەمنییەکان لای ئێمە وردبین دەکرێت و پاشان بۆ بەغدا دەنێردرێ."
وەڵام بدەوه