فەرمانگەی میدیا و زانیاری رای گەیاند، ئەم هەفتەیە لە 63 شوێنی جیاوازدا 120 هەزار مووچەخۆر، مووچەكانیان لەڕێی سیستمی "هەژماری من" وەردەگرن. هاوكات ئەمڕۆ كۆمەڵێك وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتی مووچەی مانگی حەوت وەردەگرن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گرفیكێكدا ژمارەی مووچەخۆرانی لە سیستمی (هەژماری من) بڵاو كردووەتەوە و ڕای گەیاندووە، 120 هەزار مووچەخۆر، لە ڕێی "هەژماری من" مووچەی مانگی تەمووز وەردەگرن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش كردووە، لەو 120 هەزار مووچەخۆرەدا، "103 هەزاریان مووچەخۆری مەدەنی و 17 هەزاریان پێشمەرگەن."
باسی لەوەش كردووە كە لە سەرانسەری كوردستان لە 63 شوێنی جیاوازەوە، 193 ئامێری پارەدەر هەیە كە مووچەخۆران دەتوانن مووچەكانیان لێ ڕابكێشن.
ئەمڕۆ سێشەم سێی ئەیلوول، مووچەی مانگی تەمووزی ژمارەیەك وەزارەت و فەرمانگەی سەربە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.
بەگوێرەی لیستی مووچە كە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ دووشەم بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ "خانەنشینانی شارستانی، خانەنشینانی پێشمەرگە، كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراون، خاوەن پێداویستیی تایبەت، زیندانە سیاسییەكان، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاكی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێریی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان وەردەگرن.
بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، بەهاوتاكراوی هاوشێوەی عێراق دابەش دەكرێت.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە ئەو مووچەخۆرانەی لەرێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، مووچەكانیان درەنگتر وەردەگرن، هونەر جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، هەموو ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار كردووە، دەتوانن سبەی چوارشەم چواری ئەیلوول، مووچەی مانگی تەمووزیان وەربگرن.


وەڵام بدەوه