د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە هەفتەی داهاتوو داوایەک ئاراستەی سەرکۆمار، وەزیرەکانی کورد لە بەغدا و سەرجەم فراکسیونەکانی کوردستان دەکەن بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە و راگەیاندنی هەڵوێستێک لەمبارەیەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/8/2024، د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: "دوای ئەوەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عیراق گەیشتە دەستمان، کەخۆی لە 7 خاڵ دەبینێت و گوایە وەکوو بیانوو بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەران بەکاردەهێندرێت، ئەو خاڵانە جگە لە بیانووی بێ بنەما پشتی بە هیچ دەقێکی یاسایی و واقعێکی حسابی نەبەستووە، بەو بۆنەوە دوێنێ 21ی ئاب لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق گفتووگۆمان کرد و نیگەرانی خۆمان و خەڵکی کوردستانم گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق کە هەرجارە و بە بیانوویەک مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دوادەخرێت و هۆکاری سەرەکی ئەو بابەتەش وەزیری دارایی عێراقە و دەبێت ئەو دۆخە چاک بکرێت."
دەشڵێت: "نموونەی هەردوو خاڵی 4 و 5ی راپۆرتی وەزارەتی داراییم لەگەڵ باس کرد، کە ناوەرۆکەکەی دەڵێت دەبێت ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی لە کەرکووک و خانەقینن نابێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەیان بدات ناویان رەشبکرێتەوە، گوتم ئەوانە هەمان ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەن کە ساڵانێکە هەوڵدەدەین بگوازرێنەوە سەر حکوومەتی ئیتحادیی و خودی ئەو وەزیرە و ئەوانی پێشتریش رێگربوونە لە پرۆسەکە، ئێستا لە جیاتی گواستنەوەیان وەزیری دارایی داوای کردووە مووچەکانیان رابگرن و خاڵەکانی تریش بە هەمانشێوە هیچ بنەمایەکی نییە جگە لەسیاسەتی دژایەتیکردن و برسیکردنی خەڵکی کوردستان، بە سوپاسەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی من ئاگاداری ئەوە نەبوومە وادەکەم وەزیری دارایی پەیوەندیت پێوە بکات."
ئەوەشی خستووەتە روو: "دوای کاتژمێرێک تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پەیوەندی کرد و گوتی سەرۆکوەزیران باسی لە نیگەرانییەکانی ئێوە کردووە، گوتم بەڵێ ئەوەی دەکرێت ناحەقیە و پێچەوانەی دەستوورە و دەچێتە خانەی جیاکارییەوە، هەروەها پێچەوانەی بریاری دادگای ئیتحادیی و یاسایی بودجەیە کە ئێمە لە پەرلەمان تەخسیساتی تەوامان بۆ مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان داناوە و دەنگی لەسەر دراوە، هەندێک بیانووی هێناوە کە ئەو هەڵەیەی فەرمانبەرانی کەرکووک چاک دەکرێت و بەشێکیشی دیوانی چاودێری دارایی بەرپرسە و لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنیان، هیوادارم ئەو پرسە بەیەکجاری کۆتایی بێت و چیتر بە بیانووی بێ بنەما و دوور لە یاسا دەست بۆ قوت و بژێوی خەڵکی کوردستان نەبەن، لێرەوەش ئەوە رادەگەیەنم کە هەفتەی داهاتوو داوایەک ئاراستەی سەرکۆمار و وەزیرەکانی کورد لەبەغدا و سەرجەم فراکسیۆنەکانی کوردستان دەکەین بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە و راگەیاندنی هەڵوێستێک لەمبارەیەوە."
وەڵام بدەوه