نرخی دۆلار لە بازاڕەكان زۆر نزیك دەبێتەوە لەو نرخە فەرمییەی كە بانكی ناوەندی دیاری كردووە. ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئاداری 2024، مستەفا كەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا لە ئەنجامی چەند بڕیار و رێكارێكە كە لە ماوەی چەندین مانگی رابردوودا پێڕەو كراوە، دووپاتیشی كردەوە و گوتی، وەك چۆن لە سەرەتادا گوتمان ئەم تەنگژەیە پێویستی بە كاتە بۆ چارەسەر بوون و دەركەوتنی دەرەنجامەكانی ئەم بڕیارانە.
كەرعاوی ئەوەیشی گوت، لە چەند رۆژی داهاتوودا دۆلار بەردەوام دەبێت لە دابەزین لە بازاڕەكان و بەمەیش نزیك دەبینەوە لە كۆنتڕۆڵی تەواوەتی لەسەر نرخی دۆلار و هەنگاوی دواتریش دوای كۆنتڕۆڵ كردن بریتی دەبێت لەوەی كە نرخی دۆلار لە بازاڕەكان زۆر نزیك ببێتەوە لەو نرخە فەرمییەی كە بانكی ناوەندی دیاری كردووە.
ئەم قسانەی ئەم پەرلەمانتارە لەكاتێكدایە، نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا لە چەند رۆژی رابردوو بە ئێستەیشەوە لە خوار 150 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت، بە جۆرێك ئێستە نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی هەولێر بەرانبەرە بە 149500 دینار.
وەڵام بدەوه