وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەچوارچێوەی رێکارەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، ساڵی داهاتوو هەموو مامەڵەکان بە دینار رایی دەكرێن. بەرپرسێکیش دەڵێت: "کاریگەریی لەسەر بەهای دینار و هەرزانبوونی نرخی کەلوپەل لە بازاڕدا دەبێت."
ساڵی داهاتوو قیستی کۆمپانیاکان بە دینار دەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێکارانەی بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی گیراونەتە بەر.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: لە ساڵی داهاتوودا هەموو مامەڵەکانی حکوومەتی عێراق بە دینار دەبن، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەوڵ دەدات پابەندی ئەو بڕیارە بێت، ئەمەش لەچوارچیوەی رێکارەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی."
وەزیری بازرگانی، گوتیشی: "هەر لە ساڵی داهاتوودا، قیستەکانی کۆمپانیاکان هەمووی بە دینار دەدرێتەوە، کە پێشتر ئەو قەرزانە بە دۆلار دراونەتەوە."
لای خۆیەوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: "بڕیار دراوە لەمەودوا مامەڵە لە دۆلارەوە بۆ دینار بگۆڕدرێت و لە مەرزەکانیش دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و بڕیارە لەسەرەتای ساڵی تازە، ئەو بڕیارە لە هەموو شوێنەکان جێبەجێ بکرێت، چونکە ئێستا لە دەروازە سنوورییەکان بە دینار پارە وەردەگیرێت و لە ناوخۆش بە هەمان شێوە، ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار و لەسەرەتای ساڵی نوێش لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بڕیارەكە جێبەجێ دەکرێت. نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: "ئەو بڕیارە زۆر گرنگە و کاریگەریی لەسەر بەهای دینار و هەرزانبوونی نرخی کەلوپەل لە بازاڕدا دەبێت
وەڵام بدەوه