پارێزگاری بانکی ناوەندی سەرەتای مانگی داهاتوو لەگەڵ بانكی فیدراڵیو وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا كۆدەبینەوە، ھەروەھا هەفتەی داهاتوو پرۆسەی هاوردەكردن بە درهەمی ئیماراتی دەستپێدەكات.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق: سەرەتای مانگی داهاتوو لە دوبەی، بانكی ناوەندیی عێراق كۆبونەوەیەك لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەو بانكی فیدراڵی ئەمریكا دەكات. لەچوارچێوەی رێكخستنی بازرگانیدا، هەنگاوی ریشەییمان هەڵگرتووە لەسەر بنەمای دروست. سەرەتای ساڵی داهاتوو كاركردن لە پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی كۆتایی دێت. بانكی ناوەندیی لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی لایەنە جێبەجێكارییەكانی حەواڵەی دەرەكی دەچێتە دەرەوەو كارەكەی تەنیا لە چاودێریكردندا كورت دەبێتەوە. كارمانكردووە بۆ دروستكردنی پەیوەندی نوێ لەنێوان بانكە عێراقییەكانو بانكە باوەڕپێكراوە نێودەوڵەتییەكان لە دەرەوە. سەركەوتوو بووین لە كردنەوەی زیاتر لە 40 هەژمار بۆ بانكە عێراقییەكان لە بانكەكانی دەرەوە. چارەسەری ریشەیمان داناوە بۆ كۆتایهێنان بە دەڵاڵیو ئاودیوكردنی دۆلار. لە حەواڵەی دەرەكیدا توانیومانە دراوەكان هەمەچەشن بكەین. ماوەیەكە پرۆسەی هاوردەكردن بە (یەن)ی چینیو یۆرۆ كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن. هەفتەی داهاتوو پرۆسەی هاوردەكردن بە درهەمی ئیماراتی دەستپێدەكات. لێكتێگەیشتنی بەرایی لەگەڵ لایەنی توركی هەیە بۆ حەواڵەكردن لەرێگای بانكە توركییەكانەوە بە دراوی یۆرۆ. بانكی فیدراڵی ئەمریكا پشتیوانی لە دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان بانكە عێراقییەكانو بانكە بیانییەكان دەكات.
رەتكردنەوەی حەواڵە لە پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بەرەو كەمبونەوە دەچێت. بانكی فیدراڵیو وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا وەڵامی هەموو داواكارییەك دەدەنەوە بۆ ئەو دۆلارەی عێراق پێویستی پێیەتی. هیچ كۆتوبەندێك لەسەر پارەكانی عێراق لە دەرەوە نییە. دەستمانكردووە بە هاوردەكردنی دۆلار لەڕێگەی هەژماری بانكە عێراقییەكان لە دەرەوە. دابینكردنی دۆلار سەرچاوەكە ئەوەیە كە لە هەژماری بانكە عێراقییەكان لە دەرەوە هەیە. بەر لە نیشاندانی رەزامەندیی، بانكی ناوەندی تاوتوێ داواكاری بانكەكانو ئاستی پێداویستییان دەكات بۆ دابینكردنی دۆلار. دابینكردنی دۆلار پشتیوانی لە یەدەگی بانكی ناوەندیی دەكات. بانكی ناوەندی لەگەڵ حكومەت كار لەسەر پلانێكی بەرفراوان دەكان بۆ پەرەپێدانی بانكە حكومییەكان كە لە كەرتی بانكیدا قۆرساییەكی گەورەتریان هەیە. ژمارەیەك لەو بازرگانانەمان دیاریكردووە كە بەبێ پەیڕەوكردنی پرۆسەی هاوردەكردن، فشار لەسەر نەختینەی دۆلار دروستدەكەن. حكومەت بڕیاری دەركردووە بۆ قەدەغەكردنی مامەڵەكردن بە دۆلار لەناوخۆدا، لە هەندێك حاڵەتدا بواردنی كردووە.
وەڵام بدەوه