بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندى کە واژۆى عەمار حەمەد خەڵەف، جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندى بە وەکالەتى لەسەرە، لە 21ى تشرینى یەکەمەوە رێکارێکى نوێ کەوتووەتە کار بۆ فرۆشتنى دۆلار لەلایەن بانکەکانى هەردوو ئاستى (A و B) داواى لێکردوون کە پابەندبن بە جێبەجێکردنى ئەو رێکارە و وردبن لە تۆمارکردنى زانیارییەکان بۆ سەکۆى ئەلیکترۆنى.
رێکارە نوێیەکە کڕیارانى دۆلار ناچار دەکات لە کاتى پێشکێشکردنى داواکاریى کڕینى دۆلار، وێنەیەکى "خێرا"ـى لە کاتى تۆمارکردنى داواکارییەکەدا لە سەکۆى ئەلیکترۆنى بانکى ناوەندى بگرێت، لەگەڵ کاتى کڕینى دراو لە قۆناخى ناردنى بەڵگەنامەکان لە رێگەى ئەو سەکۆیەوە.
جێگرى پارێزگارى بانککى ناوەندى ئاماژەى بەوە داوە، هەر دامەزراوەیەکى دارایی پابەند نەبێت بە رێنوێنی چالاکیى دارایی کە دیاریکراوە و هەڵە دووبارە بکاتەوە، سزا دەدرێت و رێگەى پێنادرێت بچێتە ناو دەروازەى فرۆشتنى دۆلار لە بانکى ناوەندى
پێشتر لە 17ـى ئابى 2023، بانکى ناوەندى نووسراوێکى ئاراستەى سەرجەم ئەو بانک و کۆمپانیایانە کردبوو کە مامەڵەى دۆلاریان لەگەڵیدا هەیە و وردەکارى ئەو رێکارە نوێیەى پێ راگەیاندبوون کە بەگوێرەى رێکارە نوێیەکە دەبێت بانکەکان، کامێرایەکى گونجاو دابنێن کە قەبارەى وێنەکانى لە (720 p HD) کەمتر نەبێت و ببەسترێت بە ئامێرى کۆمپیوتەرى تەرخانکراو بۆ تۆمارکردنى داواکارییەکانى گۆڕینى دۆلار لە سەکۆى ئەلیکترۆنى.
رۆژانە بانکى ناوەندیى عێراق لە رێگەى سەکۆیەکى ئەلیکترۆنییەوە داواکاریى کڕینى دۆلار لە بانک و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو وەردەگرێت و دۆلاریان بە نرخى فەرمى پێدەفرۆشێت کە 1305 دینارە بەرامبەر یەک دۆلار
وەڵام بدەوه