ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، بانكی ناوەندی 100 هەزار دۆلار بە نرخی 132 هەزار دینار دەداتە بازرگانانی بچووك و مامناوەند، دەشڵێت: "بڕیارەكە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و كاریگەریی لەسەر هەرزانبوونی كاڵاكان دەبێت.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: بۆ فرۆشتن و پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانانی بچووك و مامناوەند، پارێزگاری بانكی ناوەندی پێی گوتم، كە لەسەرەتای مانگی ئابەوە دەستیان كردووە بە رێكارێكی نوێ، بۆ ئەوەی بە مەرجی ئاسان دۆلار بە نرخی 132 هەزار دینار بدرێت بەو بازرگانانە.
ھەروەھا گوتیشی: تاوەكوو بڕی 100هەزار دۆلار ( 10 دەفتەر) دۆلاریان پێ دەدرێت، بانكی ناوەندی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ بانكی بازرگانیی عێراقی (تی بی ئای)ی كردووە.
ئەو پەرلەمانتارەی لێژنەی دارایی دووپاتی كردەوە، كە پارێزگاری بانكی ناوەندی ئەوەی خستووەتە ڕوو، پێدانی ئەو بڕە دۆلارە بە نرخی فەرمی، وەكوو قۆناغی ئەزموونی، لە بازرگانانی بەغداوە دەستی پێ كراوە، گوتیشی: پارێزگاری بانكی ناوەندی ئەوەشی پێ گوتم، كە ئەگەر ئەو ئەزموونە لە بەغدا سەركەوتوو بێت، ئەوا لە هەموو پارێزگاكان دەدرێت و بەدڵنیاییەوە لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت.
نەرمین مەعرووف روونیشی كردەوە، ئەو بابەتە تەنیا لە بانكە حكوومییەكان ناكرێت، گوتیشی: بانكی ناوەندی ئەوەی پێ راگەیاندووین، كە ئەوە تەنیا بۆ بانكە حكوومییەكان نییە، بانكە ئەهلییەكانیش ئەگەر ئاسانكاری بكەن، ئەوا ئەو بڕە پارەیە دەتوانن بدەنە بازرگانانی بچووك و مامناوەند.
ئەو بڕیارە بە دوو شێوە كاریگەری دەبێت، یەكیان ئەوەیە بازرگانان بۆ دەستكەوتنی دۆلار كەمتر پەنا بۆ بازاڕی رەش دەبەن و دووەمیشیان هاوردەكردنی كاڵاكانیشیان لەسەر هەرزان دەوەستێت.
وەڵام بدەوه