فەرماندەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا گەیشتنی بۆمبی هێشوویی لە ئەمەریکاوە بۆ وڵاتەکەیان راگەیاند.
فەرماندەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، بۆمبی هێشووییان گەیشتووەتە دەست و لە ماوەکانی داهاتوودا دەست بە بەکارهێنانی دەکەن.
هاوکات، باسی لەوەشکرد، بەکارهێنانی بۆمبی هێشوویی لە جەنگی دژی رووسیا بەشێوەیەکی سنووردار دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەلیکساندەر تارنافسی ژەنەراڵی دیاری سوپای ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، بۆمبەکەیان گەیشتووەتە دەست و بەکارهێنانیشی دەبێتە هۆی گۆڕینی ئاڕاستەی جەنگ بەشێوەیەکی بنەڕەتی.
ئەمە لەکاتێکدایە، 7ی ئەم مانگە ئیدارەی جۆو بایدن بڕیاری ناردنی بۆمبی هێشووی بۆ ئۆکرانیا دا، بڕیارەکەش ناڕەزایەتی توندی رووسیای بەدواداهات.
زیاتر لە 100 وڵات بەکارهێنانی بۆمبی هێشووییان قەدەغەکردووە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش رەخنە لە بڕیارەکەی واشنتن دەگرن بۆ ناردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆکرانیا.
بۆمبی هێشوویی پێکهاتووە لە ژمارەیەکی زۆری تەقەمەنی قەبارە بچووک کە لەنێو مووشەک یان گوللـەتۆپێکدا جێگیرکراون و لەکاتی تەقاندن یان خستنەخوارەوەیدا، تەقەمەنییە بچووکەکان بە رووبەرێکی فراواندا بڵاودەبنەوە.
بۆمبی هێشوویی کاتێک بەر زەوی دەکەوێت، دەتەقێتەوە و زیانێکی زۆر بە چواردەوری خۆی دەگەیەنێت، هەندێك جاریش تەقەمەنییە بچووکەکانی بڵاودەبنەوە و بەشێكیان راستەوخۆ ناتەقن و دواتر لەکاتێکی دیکە دەتەقنەوە، ئەمەش کاتێک روودەدات کە بەر زەوییەکی نەرم یان لیتە بکەون
وەڵام بدەوه