لووتکەی ناتۆ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رووسیا سەرەکیترین هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ئەندامانی ناتۆ. دەشڵێت، "شەڕ و ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەری لەسەر ئاسایشی هاوبەشەکانمان دەبێت".باس لەوەش دەکات کە "داهاتووی ئۆکراینا لەگەڵ ناتۆیە.
لووتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت و لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "رووسیا بەرپرسە لەو دووژمنکارییە نایاسایی و بێ پاساوەی دژی ئۆکراینا هەڵیگیرساندووە" و دەشڵێت، "بە تووندی پێشێلکاریکردنی یاسای نێودەوڵەتی لە لایەن رووسیاوە سەرکۆنە دەکەین.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنی، ئابووری و سیاسی بووەتەوە. ئەوەش هاتووە، گۆڕانی کەشوهەوا، خراپی کاری دامەزراوەکان، نەبوونی سەقامگیریی خۆراک کاریگەری لەسەر قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئەو دۆخەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە دەرفەت بۆ گرووپە چەکدارەکان، لەوانەش رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دەڕەخسێنێت تاوەکو بەهێز بن."
لەبارەی ئێرانەوە لە راگەیێندراوی لووتکەی ناتوودا هاتووە کە "نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ نیگەرانین لەوەی ئێران بەردەوامە لە پەرەدان بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی؛ داوا لە ئێران دەکەین پابەندبوونەکانی لە چوارچێوەی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی جێبەجێ بکات."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەبارەی عێراقەوە "ناتۆ و هاوپەیمانەکانی پابەندن بە پاڵپشتییەکانییان بۆ عێراق. پێزانینمان هەیە بۆ هەوڵە بەردەوامەکان و پێشکەوتنەکانی حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
وەڵام بدەوه