کۆمپانیای تویتەر هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر کۆمپانیا مێتا دەکات، بەهۆی کردنەوەی پلاتفۆرمێکی نوێ بەناوی سرێدس.
هەژمارێکی فەرمی ئیلۆن مەسک ئەمڕۆ لە تویتێکدا گوتی: من 44 ملیار دۆلارم لە تویتەردا خەرجکردووە و 'کوڕی مارمێلکە' (مارک زوکەربێرگ) بڕیاریداوە کۆپی پەیستی بکات. ئێستا کێشەکە بە تایبەتی وەردەگرم، زوکەربێرگ لە نێو قەفەسی زۆران دەتبینەوە
پێگەی سەمافۆری ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای تویتەر پەیامێکی هۆشداری بە کۆمپانیای مێتا داوە و ئاگاداری کردووتەوە لەوەی کە رێگە لە بەکارهێنانی هەر هەنگاوێک بگرێت کە زیان بە نهێنییەکانی تویتەر دەگەیەنێت.
پێگەکە ئاشکراشی کردووە، بەشێکی کارمەندانی کۆمپانیای مێتا پێشتر لەگەڵ تویتەر کاریان کردووە و خاوەنی تویتەر ترسی هەیە ئەو کارمەندانە نهێنێیەکانی تۆڕەکەی لەلایەن پلاتفۆرمی سرێدس سوودی لێوەربگیرێت.
ئیلۆن مەسک، سەرمایەدار و دامەزرێنەری هەردوو کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا، دوای کڕینی تویتەر، بەشێكی زۆری کارمەندەکانی لە کارەکانیان دوورخستەوە.
دوێنێ کۆمپانیای مێتا دەستپێکردنی پلاتفۆرمی سرێدسی راگەیاند کە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی هاوشێوەی تویتەرە و لە یەکەم رۆژدا زیاتر لە 30 ملیۆن کەس هەژماریان تێدا کردەوە.
مێتا کە لەلایەن مارک زوکەربێرگەوە خاوەندارێتی دەکرێت، پلاتفۆڕمی 'سرێدس'ـی بۆ رکابەریکردنی تویتەر دروستکردووە.
وەڵام بدەوه