هەڵگەڕانەوەی گرووپی سەربازی ڤاگنەر لە رووسیا کە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بە سەرۆکایەتی دامەزرێنەری "ڤاگنەر" یێڤگینی پریگۆژین روویدا، بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلارووس کۆتایی هات.
دیمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کرێملین، لە لێدوانێکیدا لە رێگەی تەلەفۆنەوە، دیارترین خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی بیلارووس ئاشکرا دەکات، سەبارەت بە گرووپی ڤاگنەر.
خاڵەکانی رێککەوتنەکە بریتیە لە:-
1- بەشێک لەو چەکدارانەی ڤاگنەر کە هەر لە سەرەتاوە رەتیانکردەوە بەشداری هەڵگەڕانەوەکەی پریگۆژین بکەن، رێگەیان پێدەدرێت بچنە ریزی هێزە چەکدارەکانی رووسیا و گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگری رووسیا بکەن.
2- هیچ لێپێچینەوەیەکی یاساییان لەسەر نابێت.
3- گەڕانەوەی هێزەکانی ڤاگنەر بۆ سەبازگەکانیان.
4- ئەو بەشەی کە نایەوێت بگەڕێتەوە بارەگا و سەربازگەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری رووسیا رێککەوتن واژۆ دەکات.
5- داخستنی دۆسیەی تاوانی پریگۆژین و ئەویش بەرەو بێلارووس بەڕێدەکەوێت.
پێسکۆڤ جەختی لەوەکردەوە، نێوەندگیرییەکە "دەستپێشخەرییەکی تایبەتی سەرۆکی بیلاڕووس لۆکاچینکۆ بووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی لۆکاچینکۆ لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە خوێنڕشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی بووە.
وەڵام بدەوه